رووداوەكانی پێنجەم رۆژی رەمەزان
دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە (5) ی رەمەزانی ساڵی (113) ی كۆچی بەرامبەر بە ساڵی (731ز) (عەبدولرەحمانی داخل) لە دیمەشق لەدایك بوو كە دروستكاری دەوڵەتی ئومەویەكان بوو لە ئەندەلوس و ناسراوە بە (صقر قریش).
لە (5)ی رەمەزانی ساڵی (357) ی كۆچی، بەرامبەر ساڵی (968 ز) دوای ئەوەی كە سوڵتان (الـمعزلدین الله) ی فاتمی توانی لە وڵاتی مەغریب جێی خۆی بكاتەوە، یەكێك لە سەركردەكانی بەناوی (جەوهەر سقڵی) نارد بۆ (میسر) ئەویش توانی (میسر) ی بۆ فەتح بكات و هەر لەوێشدا هەڵسا بەدروست كردنی شاری قاهیرەو زانكۆی ئەزهەر، پاشان سوڵتان خۆی چووە ناو شاری قاهیرەوە.
لە (5) ی رەمەزانی ساڵی (539) ی كۆچی (ئیبن حەمدون) دەسەڵاتی شاری (قورتوبە) دەگرێتە دەست، بەڵام لەبەر ئەوەی رێگرو كۆسپی زۆری هاتەڕێ بۆیە دەسەڵاتەكەی (14) رۆژی خایاند.
لە (5) ی رەمەزانی ساڵی (666) ی كۆچی بەرامبەر بە ساڵی (1268ز) موسڵمانەكان سەركەوتوو بوون بەسەر خاچ پەرستەكانداو شاری ئەنتاكیەیان لێ سەندنەوە كە ماوەی (170) ساڵ بوو داگیریان كردبوو.
لە (5) ی مانگی رەمەزانی ساڵی (1367) ی كۆچی بەرامبەر بە ساڵی (1948ز) یەكەیەكی كۆماندۆی سوپای جولەكە بە سەرۆكایەتی (موشیەدیان) لە ئێوارەیەكی درەنگدا بە پاڵپشتی چەندین تانك و زرێپۆش هەڵیان كوتایە سەر شاری (لەد) ی فەلەستین و بە ئاگرو ئاسن ئەو شارەیان خەڵتانی خوێن كردو زیاتر لە (426) كەسی بێتاوانی ئەو شارەیان شەهید كرد، جگە لەوەش چەندین گەنجی ئەو شارەیان دەست گیر كردو پاشان داوایان لە خەڵكی ئەو شارە كرد كە لە ماوەی نیو كاتژمێردا ئەو شارە بەجێ بهێڵن بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەگەڵ خۆیان ببەن تەنانەت نان و ئاویش، بۆیە ئەو كارە دڕندانەیەشیان بووە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین ژن و منداڵ و پیری ئەو شارە كە لەبەر برسێتی و تینوێتی لە رێگەدا گیانیان لەدەستدا.