ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: هەماهەنگی هێزە كوردستانیەكان پێویستیەكی سەرەكیە
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە 29-3-2023، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەگای تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی بە ئامادەبونی هەریەك لە مامۆستا مستەفا عبدالله كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردن و مامۆستا خەرامان خان ئەندامی سەركردایەتی، پێشوازیكرد لە سكرتێرو سەرۆكی پێنج لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان بێرون عمر فتاح سكرتێری بزووتنەوەی چاكسازی نیشتیمانی و جبار میرزا ڕۆستەمیی سكرتێری پارتی نەتەوەیی و ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوز و شێخ علی سەرۆكی بزووتنەوەی ئاشتیخوازی كوردستان و قادر شوانی سكرتێری حزبی پێشكەوتنخوازان و لەو دیدارەدا ڕایگەیاند: پێویستە بە هەموولایەك چاودێری ووردی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستانی بكەین و هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ ڕێگری لە ساختەكاری.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین جەختی لە زەرورەتی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كردەوەو ڕونیشی كردەوە پێویستە ئامادەسازی تەواوبكەین بۆ هەماهەنگی لە نێوان لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات، خوازیاری ئەوەشبوو كە ڕێكخراوەكان و لایەنە نێودەوڵەتیەكانیش ڕۆڵی گرنگیان لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا هەبێت.
لای خۆیانەوە شاندی میوان بەڕێزەوە ڕۆڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیان نرخاند لەسەقامگیری كۆمەڵایەتی و هەڵوێستی سیاسی نیشتیمانی، هەروەها جەختیانكردەوە لەهاوبیری حزبەكانیان لەسەر چاكسازی حاڵەتی سیاسی و حكومڕانی هەرێم و پاراستنی قەوارەكە لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراو بە زۆركردنی هۆشیاری میلیی و فشاردروستكردن لەسەر دەسەڵات بۆ ڕاستكردنەوەی ئاڕاستەكانی بەرەو خزمەتگوزاری ناوخۆیی و یەكڕیزی چاككردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغداو دەوڵەتانی پەیوەندیدار.
لە تەوەرێكی تردا گفتوگۆ لەسەر دوایین گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراو یەكڕیزی كوردستانی لە هەموكایەكاندا بەزەرورەت زانرا.