دەزگای هەواڵگری رووسیا بە گومانی سیخوڕیکردن رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی دەستگیر کرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
فەرمانگەی ئاسایشی فێدراڵیی رووسیا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە گومانی سیخوڕیکردن هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە شاری یەکاترینبورگ دەستگیرکراوە کە پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بووە.
هەواڵگری رووسیا لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی ئاسایشی فیدراڵییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکە ناوی ئێڤان گەرشکۆڤیچ بووە و لە نووسینگەی مۆسکۆی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کاری کردووە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی پێدراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە گەرشکۆڤیچ گومانی ئەوەی لێکراوە کە سیخوڕی بۆ حکوومەتی ئەمریکا دەکات و بۆ رێگریکردن لە چالاکییە نایاساییەکانی دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە لێکۆڵینەوە بۆ کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ گەرشکۆڤیچ دەستی پێ کردووە و هاتووە: "ئەوە سەلمێندراوە کە ئێڤان گەرشکۆڤیچ بە فەرمانی ئەمریکا دەربارەی چالاکییەکانی یەکێک لە ناوەندەکانی پیشەسازیی سەربازیی رووسیا زانیاری کۆکردووەتەوە، ئەو زانیارییانەش بەنهێنی دەوڵەت هەژمار دەکرێن. ئەو هاووڵاتییە بیانییە لە شاری یەکاترینبورگ لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستخستنی چەند زانیارییەکی نهێنی، دەستبەسەر کراوە".