"پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە 16 تریلیۆن دینارە"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، موعین کازمی رایگەیاند کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەدا، بە ١٦ تریلیۆن دینار دیاریی کراوە.
موعین کازمی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی بە ئامانجی تاوتوێکردنی بەندەکانی ناو بوودجە کۆدەبێتەوە لەنێویاندا، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی بوودجە بۆ ٢٠٠ تریلیۆن دینار کە ١٥٠ تریلیۆنی دیناری بۆ بەکاربردن و ٥٠ تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە و گوتوویەتی: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنێتی چارەسەرکردنی کورتھێنانی بوودجە دەکرێت کە گەیشتووەتە ٦٤ تریلیۆن دینار".
راشیگەیاندووە کە لیژنەی دارایی، جیددییە لەوەی بەخێرایی بوودجە بەوردی تەواو بکرێت، ھەروەھا پێویستە پێداچوونەوەی راستەقینەی بۆ بوودجە و کەمکردنەوەی کورتھێنان بکرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، موعین کازمی ئاشکراشی کردووە، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتییدا بە ١٢،٦٧ لەسەدا دیاری کراوە کە دەکاتە ١٦ تریلیۆن دینار و گوتی: "پێداچوونە بە داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو "تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێویستی بە مانگێک بۆ ٤٥ رۆژ ھەیە".
موعین کازمی لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بوودجەی ٢٠٢٣ گوتوویەتی: "لە بوودجەی ئەمساڵدا، ٢٨٠ ھەزار مامۆستای وانەبێژ و ٧٤ ھەزار خاوەن بڕوانامە باڵاکان، ھەروەھا یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆکان دادەمەزرێن".
ناوبراو راشیگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت کە ژمارەی چوار ملیۆن فەرمانبەرە، دەگاتە ٥٨ تریلیۆن دینار.
لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوینەران کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبووە کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینارە و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.