کرملین: "رێوشوێنی پێویست دژبە نزیکبوونەوەی ناتۆ لە سنوورەکانمان دەگیرێتەبەر"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە ناتۆ لە سنوورەکانی رووسیا نزیک دەبێتەوە و گوتی: "هەر جارێک ناتۆ لە سنوورەکانمان نزیک دەبێتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشمان، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆ پایتەختی رووسیا لە باری رۆژەڤەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
وتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەگەڵ گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن گوتی: "کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام درا. بەدیهێنانی پڕۆژە گەورەکان کە لە کارنامەی وڵاتەکانماندان، لەنێویاندا ئاککویو تاوتوێ کرا".
پێسکۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پوتین بەشداریی لەو رێورەسمەدا دەکات کە بڕیارە لە ٢٧ی نیسان لە وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئاککویو بەڕێوەبچێت، گوتی: "لەم رێورەسمەدا بەشێوەیەکی پێویست نوێنەرایەتیی رووسیا دەکرێت".
وتەبێژی کرملین سەبارەت بە لێدوانەکانی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ کە دەڵێت "رووسیا لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە بەڵێنی پووچ دەدات و پێویستە بەوردی بەدواداچوون بۆ کارەکانی بکرێت"، گوتی: "ناتۆ لە سنوورەکانی رووسیا نزیک دەبێتەوە. ئەوە رووسیا نییە کە بە ژێرخانی سەربازییەوە لە سنوورەکانی ناتۆ نزیک دەبێتەوە. ئەم جموجۆڵە پێمان دەڵێت ئەمە کێشە و نیگەرانی بۆ ئاسایشمان دروست دەکات. هەر جارێک ناتۆ لە سنوورەکانمان نزیک دەبێتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشمان رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدان بە مانۆڕی سەربازیی سربیا لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ رایگەیاند کە بەوردی بەدواداچوون دەکەن و گوتی: "بەردەوام هەوڵ دەدرێت سربیا بخرێتە ریزەکانی ئەو لایەنانەی کە هەڵوێستەکانیان بەرامبەر رووسیا پیشان دەدەن. بێلگراد لەژێر فشارێکی ترسناک و بێ وێنەدایە".
وتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانەکەی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کرد کە دەڵێت "لە داهاتوودا سنووری نێوان ئۆکراینا و پۆڵەندا هەڵدەگیرێت" و گوتی: "روون نییە زێلنسکی لێرەدا مەبەستی گرتنی ئۆکراینایە لەلایەن پۆڵەنداوە یان چ شتێک".