ترەمپ: "بایدن بەرپرسیاری سەرەکییە لە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بانگەشەکانی ئیدارەی جۆ بایدنی سەبارەت بەوەی (ترەمپ) سەرچاوەی ئەو کێشانە بووە کە لە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان سەریانهەڵدا، بە "زانیاریی ناڕاست" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بایدن بەرپرسیاری سەرەکییە لەم بابەتەدا.
دوای ئەوەی ئیداری بایدن بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو کێشانەی کە لە کاتی پرۆسەی کشانەوە ئەمریکا لە ئەفغانستان دووچاری وڵاتەکەی هاتن، تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی بێ پلانیی ئیدارەی ترەمپەوە بووە، ترەمپ لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی TruthSocial بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدنی کردە ئامانج.
ترەمپ رایگەیاندووە "ئەم گەمژانەی لە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی وڵاتەکەمان لەناودەبەن و لەلایەن گەورەترین گەمژە، جۆ بایدنەوە سەرۆکایەتیی دەکرێن، بۆ خۆدەربازکردن لە ناکارامەیی خۆیان لە ئەفغانستان یارییەکی نوێ ئەنجام دەدەن کە ئەویش بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و تاوانباکردنی منە".
دۆناڵد ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیدارەی بایدن سوپای ئەمریکای کشاندەوە و بە بەهای ٨٥ ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازیی رادەستی ئیدارەی ئەفغانستان کرد، رایگەیاندووە: "بینیم کە رێگەیان داوە سەربازەکانمان بکوژرێن و ئەمریکییەکانیان بەجێهێشتووە. بایدن بەرپرسیارە لەم کارە، نەک کەسێکی دیکە".
هەروەها سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، مایکل مەککۆل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە لێدوانەکانی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی بڵاوکردەوە کە زانیاریی سەبارەت بە راپۆرتێکی پیوەندیدار بە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دابوو کە دوێنێ پێشکەش بە کۆنگرێس کرا.
مەککۆل لێدوانەکانی کێربی کە رەخنەی لە ئیدارەی ترەمپ گرتبوو بە "شەرمەزارکەر" وەسف کردووە و رایگەیاندووە: "سەرۆک بایدن بڕیاری کشانەوەی دا و تەنانەت وادەی کشانەوەکەی دیاری کرد. ئەو بەرپرسیارە لە شکستی گەورەی پلاندانان و جێبەجێکردندا".
بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ناچاربوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن بانگهێشت بکات بۆ ئەوەی زانیاری بدات لەمیانی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن ئەنجوومەنەوە سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەڕێوەدەچوو، مەککۆل رایگەیاندووە: "چاوەڕێی ئەوە دەکەم پێداچوونەوە بە راپۆرتەکەدا بکرێت و داوا لە ئیدارەکە دەکەم تا دەتوانێت (سەبارەت بە راپۆرتەکە) نهێنییەکان بۆ گەلی ئەمریکا ئاشکرا بکات".