بۆ لێكۆلینەوەی رووداوی فرۆكەخانەكە، شاندێكی حكومەتی عێراق سەردانی سلێمانی دەكەن
بریارە ئەمرۆ شاندێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، سەردانی سلێمانی بكات، ئەمەش دوای رۆژێك لەرووداوی هێرشكردنە سەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
بەفەرمانی محمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، شاندە باڵاكە سەردانی سلێمانی دەكەن، وبۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەكی لێكۆلێنەوە لەسەر رووداوەكەی سلێمانی پێكدەهێنن و سەردانی ناوچەكەش دەكەن.
محسن مندلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە: بەتوندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر فرۆكەخانەی سلێمانی دەكەین وهێرشەكەی بەئامانجگرتنی سەروەری عێراق بەناویبرد ورایگەیاند: بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك پێكدەهێنن بۆ لێكوڵینەوە لەرووداوەكە وسەردانی شاری سلێمانیش دەكەین.
ئێوارەی رۆژی هەینی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تووشی هێرشی فرۆكەی بێفرۆكەوانی دەبێتەوە وهیچ زیانێكی گیانیشی لێ نەكەوتووتەوە.
لایخۆیەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە: هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان لەعێراق سەركردەیەكی كوردی سوریا كەهاوپەیمانی ئەمریكایە بەئامانج گرتووە كەمەبەستیان مەزلۆم عەبدی سەركردەی هێزەكانی سوریایی دیموكراتە لەماوەی سەردانەكەی دا بۆ شاری سلێمانی.