سوپای ئیسرائیل سووریای بە ئامانج گرت
2023-04-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده
سوپای ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەی لە سووریاوە مووشەک ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کراون، ژمارەیەک خاڵی لە سووریا بە ئامانج گرت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دیسانەوە لە سووریاوە مووشەک ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کراوە، نووسیوویەتی: "وەک بەرپەرچدانەوە، ئێستا سووریا بە ئامانج دەگرین".
دامەزراوەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل KAN بڵاوی کردەوە کە سێ مووشەک لە سووریاوە ئاراستەی نەتور و عەونی ئەیتان لە باشووری بەرزاییەکانی جۆلان کراوە.
لە هەواڵەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە دوو لە مووشەکەکان لە شوێنی چۆڵدا کەوتوونەتە خوارەوە، سێیەم مووشەکیش لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی گومبەزی ئاسنینەوە تێک شکێندراوە.
بەرزاییەکانی جۆلان کە بەشێکە لە خاکی سووریا، لە ١٩٦٧ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.