هەواڵی کوردستان ئێستا

تایوان: 70 فڕۆکە و 11 کەشتی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون

تایوان: 70 فڕۆکە و 11 کەشتی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون
تایوان: 70 فڕۆکە و 11 کەشتی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون

2023-04-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند لە ئێوارەی دوێنێوە تاکوو بەیانی ئەمڕۆ، ٧٠ فڕۆکەی سەربازیی و ١١ کەشتی جەنگیی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا بینراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تایوان بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەو ٧٠ فڕۆکەیە ٣٥یان چوونەتە ئەو ناوچەیەی کە تایوان وەک "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانی" خۆی دەیبینێت و بەرەی رۆژھەڵاتی ھێڵی دەریایی و ئاسمانی کە وەک سنووردارکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی لایەنەکان لە گەرووی تایواندا دانی پیادا نراوە، فڕیوون.

هەشت فڕۆکەی جەنگیی جۆری "SU-30"، شەش فڕۆکەی جەنگیی جۆری"J-10"، چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری "J-11" و هەشت فڕۆکەی جەنگیی جۆری "J-16"، هەروەها فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری "TB-001" بە "هێڵی ناوەڕاست"ی گەرووی تایواندا تێپەڕیوون، فڕۆکەی دەورییەی دەریایی "Y-8 ASW"، فڕۆکەی هۆشداری پێشوەختەی جۆری "Y-9 EW" و"KJ-500"، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری "CH-4" و چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری "J-15" بەسەر بەشی باشووری "کایەی دانپیاندراوی بەرگریی ئاسمانی"دا فڕیوون.

مەزەندەی ئەوە دەکرێت دەورییەی فڕۆکە و کەشتییەکانی چین لە دەوروبەری دوورگەی تایوان لە میانی ئەو مانۆڕە سەربازییەی چیندا بێت کە دوای سەردانی سەرۆکی تایوان، تسای ئینگ وێن بۆ ئەمریکای ناوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی پێ کردووە.​​​​​​​

فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵاتی سوپای چین کە ئەو ناوچەیەیش دەگرێتە خۆ تایوان بەشێکە لێی لە هەشتی نیسان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی راگەیاند کە هێزە وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و مووشەکهاوێژەکانی چین بەشداری تیادا دەکەن.

دوای سەردانەکەی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پیلۆسی بۆ تایوان لە ئابی ٢٠٢٢دا، چین چالاکی دەورییەی سەربازیی لە دەوری دوورگەی تایوان ئەنجامدا.

چین کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، جەخت لەسەر بنەمای تەنیا چین دەکاتەوە و دژی ئەوەیە تایوان پەیوەندی راستەوخۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروست بکات و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی هەبێت، مەرجی ئەوەش لەسەر وڵاتان دادەنێت کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تایوان بپچڕێنن.