English | عربي

  ☵ گرنگترین هه‌واڵ



نێچیرڤان بارزانی: مامۆستا محەمەد مەلا قادر نموونەیەكی خۆڕاگری بوو

2019/01/15 | 14:10

(هەواڵ كوردستان)-

بەبۆنەی كۆچی دوایی محەمەد مەلا قادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی مامۆستا محەمەد مەلا قادر كرد و تیایدا خوالێخۆشبووى به‌ نموونەیەكی خۆڕاگری ناساندووە.

 

لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە ڕۆژگارێكی زۆر سەختدا و دوو ساڵ دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستی بە كاری سیاسی كردووە و یەكێك بووە لەوانەی گەنجانی دەشتی هەولێری بەرەو كوردایەتی و چالاكی و كردەوەی ڕۆشنبیرانە و ڕۆشنگەری هان دەدا.

بەردەوام بە تێكەڵاوكردنی باوەڕی پتەوی ئایینی و ڕۆحی كوردایەتی، باوەڕی خەڵكی كوردستانی بە شۆڕش و ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان بەهێزتر و فراوانتر دەكرد".

 

 ئەمەش دەقی پەیامەكه‌یه‌:

 

بۆ بنەماڵەی خەباتكاری ناسراو مامۆستا محەمەد مەلا قادر

 

كۆچی دواییی خەباتكار و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەردوو كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و دڵتەنگی كردم.

بەوبۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و خزمان و سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەم.

 

مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە ڕۆژگارێكی زۆر سەختدا و دوو ساڵ دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستی بە كاری سیاسی كردووە و یەكێك بووە لەوانەی گەنجانی دەشتی هەولێری بەرەو كوردایەتی و چالاكی و كردەوەی ڕۆشنبیرانە و ڕۆشنگەری هاندەدا.

بەردەوام بە تێكەڵاوكردنی باوەڕی پتەوی ئایینی و ڕۆحی كوردایەتی، باوەڕی خەڵكی كوردستانی بە شۆڕش و ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان بەهێزتر و فراوانتر دەكرد.

 

مامۆستا محەمەد مەلا قادر دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاوارەیی و پێشمەرگایەتیدا نموونەیەكی خۆڕاگری بوو.

دوای ڕاپەڕینی 1991 وەك وەزیر بەشدار بوو لە كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین و باڵاترین دامەزراوەی مەدەنی و یاساییی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە كوردستان، ئەو شانازییەش شایانی خەباتی مامۆستا محەمەد مەلا قادر بوو.

 

ناوی مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە مێژووی شۆڕشی كوردستان و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی كوردستاندا بە زیندوویى دەمێنێتەوە.

ڕۆحی مامۆستا شاد بێت و سەبووری و دڵنەواییش بۆ هەمووتان لە خوای گەورە دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

15/1/2019

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending