سوپای عێراق: "بۆردومانی ئاسمانیی بۆسەر داعش لەلایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق ئەنجام نادرێت"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند کە لەئێستادا، بۆردومانی ئاسمانیی بۆسەر داعش لەلایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق ئەنجام نادرێت.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانیان توانیویانە، گورزی توند لە داعش بوەشێنن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە خۆیان تیایدا حەشارداوە و گوتی: "داعش بەردەوام هەوڵدەدەن، پەلاماری تیرۆریستی لە ژمارەیەک ناوچە ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێ دەکرێت و فشاری زۆریان دەخرێتە سەر، بۆ ئەوە لەڕووی دارایی، کارگێڕیی و توانای شەڕکردنەوە لاواز بکرێن".
راشیگەیاندووە کە لەئێستادا، بۆردومانی ئاسمانیی بۆسەر داعش لەلایەن ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق ئەنجام نادرێت و گوتوویەتی: "لەئێستادا، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بۆسەر داعش لە عێراق، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی (F16 و L-159)ی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەیش کردووە کە بەم زووانە، فڕۆکە جەنگییەکانی (T-50)ی عێراقیش هاوشێوەی فڕۆکە جەنگییەکانی (F-16 وL-159)دا لە هێرش و بۆردومانەکانی سەر داعش بەکار دەهێندرێن.