ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر: خەڵكێك بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوكێ دروست دەكات
مانگی ئاداری رابردوو، بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند: دۆلار بەنرخی فەرمی نوێ، بەرامبەر بە دینار دەفرۆشێت و، ئاماژەی بەوەدابوو، كە نرخی كڕینی یەك دۆلار لەوەزارەتی دارایی، بەهەزار و 300 دینار دیاریی كراوەو، فرۆشتنی یەك دۆلار بەبانكەكان لەرێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە، بەهەزار و 310 دینار دیاریكراوە، هەروەها فرۆشتنی یەك دۆلار لە بانكەكاندا بەهەزار و 320 دینار دیاریكراوە.
دوای ئەوە بەردەوام بەهای دینار لەگۆڕانكارییدایە و، لە 24 كاتژمێری رابردووشدا بۆ یەكەمجار ،نرخی پێوانەیی تۆمار كرد، بەراورد بەشەش مانگی رابردوودا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 142بۆ 143هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات: سەرەڕای ئەوەی كەحكوومەتی عێراق رۆژانە بڕێكی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام خەڵكێك هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی، دڵەڕاوكێ دروست دەكات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، كەیفی خۆشناو، گوتی: ئەگەرچی حكوومەتی عێراقی بڕیاریداوە كەبەهای هەر 100 دۆلارێك 132 هەزار دیناری عێراقی بێت و، لەم چوارچێوەیەشدا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ، بەڵام خەڵكێك هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی، دڵەڕاوكێ لەبازاڕ دروست دەكات، بەڵام چارەنووسی 100 دۆلار، هەر 132 هەزار دیناری عێراقییە.
كەیفی خۆشناو، پێشبینی ئەوەش دەكات، كە دوای جەژنی رەمەزان بەهای دینار بەرزتر بێتەوە و، بگاتە ئەو بەهای كەحكوومەتی عێراق دیاریی كردووە و،لەمبارەیەوە گوتی: تا حكوومەتی عێراق لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام بێت، ئەوا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و، پێشبینی دەكرێت دوای جەژن بەهای دینار تەواو بەرزبێتەوە و، بگاتە ئەو ئاستەی كەحكوومەتی عێراق دیاریكردووە.