هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە باکوری سوریا
2023-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە مووشەکێک هێزەکانی هاوپەیمانانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج. CENTCOM دەشڵێت " هێرشێکی مووشەکێکی ناکاریگەر هێزەکانی هاوپەیمانانی لە شوێنی ئەرکی پشتیوانی کۆنۆکۆ لە کات ژمێر 5:51 خولەکی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی کردووەتە ئامانج." هەروها دەشڵێت " هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان دارایی بە بنکەکە یان کەلوپەلی هاوپەیمانان نەگەیاندووە." هەرچەندە CENTCOM ئاماژەی بەوە نەکردووە چ کەس و لایەنێک هێرشەکەی ئەنجام داوە بەڵام ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و چاودێرێکی جەنگی سوریایە، ڕایگەیاندووە، ڕەنگە چەکدارانی سەر بە ئێران کە بنکەیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریایە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبێت. لە کۆتایی مانگی سێدا هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی تۆڵە سەندنەوەیان کردە سەر ئەو شوێنانەی لە سوریا کە لەلایەن گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردەهێنران. ئەمەش لە پاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کە گومان دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کرابێت ڕوویدا کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمەریکایی و برینداربوونی شەش ئەمەریکایی دیکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەرپرسێکی گروپێکی سەر بە ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکاوە حەوت ئێرانی کوژراون.