هەواڵی کوردستان ئێستا

"لە چاره‌كی یەکەمی 2023دا 441 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە"

"لە چاره‌كی یەکەمی 2023دا 441 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە"

2023-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی بڵاویكرده‌وه‌، لە چاره‌كی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، ٤٤١ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش "لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا بەرزترین ژماره‌یه‌ لە چارەكی ساڵێکدا تۆمارکرابێت".

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایه‌ن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییه‌وه‌ بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە دەریای ناوەڕاست کە یەکێکە لە مەترسیدارترین رێڕه‌وه‌كان بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان، رووی لە زیادبوون کردووە.

دواکەوتنی تیمی رزگارکردنی سەربە وڵاتانی ناوچەکە و بەربەستەکانی بەردەم کەشتییەکانی گەڕان و رزگارکردن سەربە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان هه‌بووه‌.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی ئاشكرایكردووه‌، کە لە چارەكی یەکەمی ئەمساڵدا گیانلەدەستدانی ٤٤١ کۆچبەری نایاسایی تۆمار کراوە و رایگەیاندووه‌: "لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا ئەمە بەرزترین ژماره‌یه‌ لە چارەكی ساڵێکدا تۆمارکرابێت".

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوه‌كه‌، ئانتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ ئاماژەی بەوەی کرد، دۆخی ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێک كه‌ چیتر به‌رگه‌ی ناگیرێت و رایگه‌یاند: "لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، ٢٠ هەزار گیانلەدەستدان لەم رێڕه‌ودا تۆمارکراوە. لەوە دەترسم ئەم دۆخە بووبێتە شتێکی ئاسایی. دواکەوتنی کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن وڵاتەکانەوە باجەکەی لەسەر گیانی خەڵک دەبێت. رزگارکردنی خه‌ڵك لە دەریاکاندا، بەرپرسیارێتییەکی یاسایی وڵاتەکانە. لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن دەبێت کاری چالاکانە بە رێبەرایەتی دەوڵەتەکان ببینین".

- دواکەوتن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەران و رزگارکردن دەبێتە هۆکاری گیانلەدەستدان

ئەمساڵ دواکەوتنی شەش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لە ناوه‌ندی دەریای ناوەڕاست، گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٢٧ کەسی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات وەڵامنەدانەوەی رووداوی حەوتەم، بووە هۆی گیانیان لەدەستدانی لانیکەم ٧٣ کۆچبەری نایاسایی.

لە ماوەکانی رابردوودا کاری گەڕان و رزگارکردن له‌لایه‌ن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییه‌وه‌ بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

هەفتەی رابردوو سی هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونه‌تە ئیتاڵیا و کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەمساڵ گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە بۆ ٣١ هەزار و ٣٥٧ کۆچبەر بەرزبووەتەوە.

- کێشەی کۆچی نایاسایی لە ناوه‌ندی دەریای ناوەڕاست

لە لێشاوی کۆچی نایاساییدا بۆ ئەورووپا، رێگای ناوه‌ندی دەریای ناوەڕاست یەکێکە لەو رێگایانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا جموجۆڵێکی چڕی تێدابووه‌.

بە شێوەیەکی گشتی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەجیاتی ولاتانی سەر ئەو رێگایە بە هانای ئەو کۆچبەرە نایاساییانەوە دەچن کە داوای هاوکاری دەکەن. بەهۆی دابیننه‌كردنی بەندەرێکی پارێزراو لەلایەن وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بۆیان، رێکخراوەکانی کۆکەڵگەی مەدەنی ماوە ماوە رووبەڕووی گرفت دەبنەوە لە گواستنەوەی کۆچبەرە رزگارکراوەکان.

یەکەم شوێن پێی ئەو کۆچبەرانەی کە دەتوانن بە تواناکانی خۆیان دەریای ناوەڕاست ببڕن یان رزگار بکرێن لە ئەورووپا دوورگەی لامپیوسای ئیتاڵیا دەبێت.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکانیان یان بەهۆی قەرەباڵخی زۆر و له‌ نه‌بوونی ئاو و هەوادا لە کاتی پەڕینەوەیان به‌ دەریای ناوەڕاستدا، گیانیان لەدەستدەدەن.