پەیامێك لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
ههولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(61)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) پەیامێك ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و كارمەندانی رۆژنامەكە دەكات.
دەقی پەیامەكە:
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و كارمەندانی رۆژنامەی(خەبات)
بە بۆنەی(61)ەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات) پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و خوێنەرانی بەڕێزی رۆژنامە راستبێژەکەتان دەكەین و، هیوادارین هەردەم بەردەوام و لە پێشكەوتن دابن.
رۆژنامەی (خەبات) وەك یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە و زمانحاڵی پارتیمان دەسكەوتێكی دیكەی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان بوو بەڕابەرایەتی (بارزانی نەمر)، هەروەها هەمیشە سەكۆی خستنەرووی كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان و بەرگریكردن لە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین و فرەدەنگیی و كۆكردنەوەی بیروبۆچوون و ئایدیا جیاوازەكان بووە.
رۆژنامەی(خەبات) هاوخەباتی قۆناغە یەك لەدواییەكەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان و سەنگەرێكی دیكەی شەرەفمەندانەی تێكۆشان دژ بە ستەمكاریی و چەوسانەوە بووە، بۆیە لەو كاروانە سەركەشەیدا ئەو شانازییەی پێ بڕا وەك رۆژنامەیەكی خەباتگێڕ و كۆڵنەدەرو بوێر رۆڵی شیاوی خۆی ببینێ لە بەدیهاتنی ئەو دەسكەوتانەی ئەمڕۆ و مافە رەواكانی گەلەكەمان.
رۆژنامەی(خەبات) نموونەی رۆژنامەیەكەی پرۆفیشناڵە لە پەیرەوكردنی پرەنسیپ و ئیتیكی راستەقینەی رۆژنامەوانیی بەڕەچاوكردن و بەهەندگرتنی مسداقیەت و بەرپرسیاریتی و پیشەوەریی و، قوتابخانەیەكە بۆ پێگەیاندنی نووسەر و كادیری رۆژنامەوانی، هەربۆیەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە هەنگاوی بونیاتنەرانە و بەرهەمدار بۆ پێشخستنی رەوشی رۆشنبیریی و كوولتوری بەگشتی و بواری رۆژنامەگەریی بەتایبەتی.
هەمیشە ئەرك و كاری رۆژانەی رۆژنامە و رۆژنامەوانان و میدیا بەگشتی زۆر بایەخدار و هەستیار بووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دیاردە و رووداوەكان بەتایبەتی لەو رۆژگارەی ئەمڕۆدا کە کوردستان و جیھان لەبەردەم پەتایەکی ترسناکدان، بۆیە پێویستە بە هەمان رۆحیەتی بەرپرسیاریتی و دڵسۆزانە و راستگۆییانەتان بەردەوام بن لە پێناو پشتیوانیكردنی ئەو ئەزموونە و دەسكەوتەكانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
وێرای جەختکردنەوەمان لە پشتیوانی بەردەوام و تەواوی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رۆژنامەی(خەبات)، هیواخوازین ئەو یادە ببێتە هەوێنی زیاتر هەنگاونان بۆ پێشخستنی رۆژنامەكە و کاراتربوونی لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری پارتیمان بە خوێنەرانی.
بەرز و پیرۆز بێت (61)ەمین ساڵیادی خەباتی بەردەوامی رۆژنامەی(خەبات)... ھەردەم سەرکەوتوو و سەرفرازبن.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٣ـی٤ـی٢٠٢٠