English | عربي

له‌ خانه‌قین داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر بازگه‌یه‌كى پۆلیسی فریاكه‌وتن


له‌ خانه‌قین داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر بازگه‌یه‌كى پۆلیسی فریاكه‌وتن

2019/01/16 | 00:05

(هەواڵ كوردستان)- "ئه‌فسه‌رێك و دوو پۆلیس برینداربوون"

ئەمشەو چه‌كدارانى ڕێكخراوى تیرۆریستی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر بازگه‌یه‌كى پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ گوندى قوله‌ى سه‌ر بە شاری خانه‌قین و ئه‌فسه‌رێك و دوو پۆلیس برینداربوون.

 

سه‌میر محه‌مه‌د نور، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خانه‌قین، به‌ (باسنیوز) ى ڕاگه‌یاند : "ئەمشەو سێشەممە (١٥-١-٢٠١٩) چه‌كدارانى ڕێكخراوى تیرۆریستی داعش هێرشیان كردە سه‌ر بازگه‌یه‌كى پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ گوندى قوله‌ى سه‌ر بە شاری خانه‌قین و شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هه‌ردوولادا ڕویدا".

 

گوتیشی: "به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست ئێمه‌ كه‌وتوون چه‌كدارانى داعش بازگه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ و ئه‌فسه‌رێك و 2 پۆلیس برینداربوونە كه‌ برینى ئه‌فسه‌ره‌كه‌ سه‌خته‌".

 

له‌پاش ڕووداوه‌كانى 16 ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سنوورى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، خانه‌قین كه‌وته‌ ژێرده‌ستى ئه‌و هێزانه‌ و له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه‌ له‌ زیادبووندایه‌.

 

شارى خانه‌قین /155 كیلۆمه‌تر باكورى خۆرهه‌ڵاتى به‌عقوبه‌/ یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، له‌پاش پرۆسه‌ى ناسراو به‌ "ئازادى عێراق" زۆرینه‌ى داموده‌زگاكانى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، له‌پاش ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017، دۆسیه‌ى ئه‌منى شاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبی.

 

ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خانه‌قین به‌پێى بڕیارى ژماره‌ 131 له‌ ڕۆژى 21/8/2006 به‌كۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ كورد و عه‌ره‌ب ‌و توركمان بڕیاریاندا خانه‌قین بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending