بایدن بەم نزیکانە کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024 رادەگەیەنێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشکرای کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ رادەگەیەنێت.
بایدن لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیرلەندا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان سەبارەت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت گوتی: "دەمێکە ئامادەکاریم بۆی کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا رایدەگەیەنم".
سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانەکەی بۆ ئیرلەندا بووەتە هۆی زیادبوونی هەستی گەشبینی و رایگەیاند: "پێشتریش گوتبووم پلانەکەم ئەوەیە کە جارێکی دیکە خۆی کاندید بکەمەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی جاک تێشێرا کە بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیارییە سەربازییە نهێنییەکانی سوپای ئەمریکا دەستبەسەر کراوە، بایدن ئەوەی خستەڕوو کە فەرمانی کردووە بە لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە ئەو کەسە چۆن گەیشتووە بەو زانیارییە نهێنییانە.
بایدن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەڵگەنامە نهێنییەکان بۆ ماوەیەکی زۆری پێناچێت.
جاک تێشێرای تەمەن ٢١ ساڵ کە ئەندامی باڵی هەواگری هێزە ئاسمانییەکانی ماساچوسێتس بووە، دوێنێ لە شاری بۆستۆن چووە بەردەم دادوەر و بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی لە ئینتەرنێتدا، تۆمەتبار کرا.