هەسەدە ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لە تێوەگلانیان لە پلانێک دەکەن بۆ لێدانی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا
2023-04-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی هەواڵگریی ئەمەریکا کە دزەپێکراوە، هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا پلانی دانابوو هێرشی نهێنی بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا، بە هاوکاری کورد ئەنجامبدات. بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، کیێڤ ویستویەتی زیان بە ڕووسیا و میلیشیاکانی ڤاگنەری سەر بە ڕووسیا لە سوریا بگەیەنێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاڵنانی مۆسکۆ بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی لە ئۆکرانیا بۆ سوریا. زانیارییەکان دەریانخستووە کە سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، فەرمانی داوە ئەم پلانانە بوەستێنرێت، و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو جێبەجێ نەکرێن. بەڵگەنامەکە کە بووە بەشێک لەو بەڵگەنامەیەی کە بە "بەڵگەنامەکانی ناتەبایی" ناسراوە، زانیاری وردی لەبارەی پلانەکانی ئۆکرانیا لەڕێگەی ئەفسەرانی هەواڵگری و دەزگای هەواڵگری سەربازییەوە لەخۆگرتبوو. پلانەکان بریتین لە لێدان لە هێزەکانی ڕووسیا کە لە سوریا ئامادەن بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان بە ئامانجگرتنی هێرشەکان دژی هێزەکانی ڤاگنەر کە لەوێ ئامادەن. ئەفسەرانی ئۆکرانیا باسیان لە ئەگەری مەشقپێکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزی سەربازی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر ئۆتۆنۆمی کوردا کردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. وتەبێژی "هەسەدە"، فەرهاد شامی، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لەم بەڵگەنامەیەدا هاتووە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان هەرگیز هیچ پەیوەندییان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە نەبووە. بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیاش ئاگاداری ئەم پلانە بووە. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پشتڕاستی کردەوە کە ئەو بەڵگەنامە هەواڵگرییە گرنگەی بینیوە، کە ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانی ماساشوستس، جاک تێشێرا، تۆمەتبارە بە دزەپێکردنی. پنتاگۆن ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە بدات. ڕووسیا یەکێکە لە هاوپەیمانە دیارەکانی حکومەتی سوریا شانبەشانی ئێران، هەروەها لە سەرەتای شەڕەکەوە لە ساڵی 2011ەوە پاڵپشتی دیپلۆماسی و ئابوری پێشکەش کردووە، هەروەها لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەرگری لێکردووە، بەتایبەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە تیایدا ئەو وڵاتە ڕێگری لە چەندین ڕەشنووسی بڕیارنامەی سەرکۆنەکردنی ڕژێمی سوریا کردووە. لە ماوەی حەوت ساڵدا ڕوانگەی سوریا کوژرانی زیاتر لە 21 هەزار کەسی هەژمارکردووە کە هەشت هەزار و 697 کەسیان مەدەنین و چارەکێکیان منداڵن و لەسەر دەستی هێزەکانی ڕووسیا کوژراون. سوریا لە ساڵی 2011ەوە شاهیدی ململانێیەکی خوێناوییە کە نزیکەی نیو ملیۆن کەسی کوشتووە و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وڵات گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەدا. بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لە گروپێکدا لە دیسکۆرد و دواتر لە تویتەر و تێلێگرام و سایتەکانی دیکەدا بڵاوکراونەتەوە، ترسی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریکای لەبارەی ئەگەری دژە هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا ئاشکرا دەکەن. دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، ئۆلێکسی ڕێزنکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، "ئەو بەڵگەنامانەی کە گوایە دزەیان پێکراوە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە تێکەڵەیەک لە زانیاری ڕاستەقینە و نادروست لەبارەی سوپای وڵاتەکەیەوە لەخۆدەگرێت"، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەلاوە نا. ڕێزنکۆڤ لە 12ی ئەم مانگەدا وتی: "زانیاری زۆر لەوێدان کە لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت". ناوبراو وتیشی: ئەو زانیاریانەی کە لەگەڵ واقیعدا دەگونجێت، ڕاستییەکەی لەدەستداوە. بۆیە تێکەڵەیەک لە ڕاستی و درۆیە. ڕێزنکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، پێی وایە ئەو دزەپێکردنانە هەوڵێکی بە ئەنقەستن بۆ چاندنی ناکۆکی لەنێو هاوپەیمانەکانی کیێڤدا. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سودمەندی ئەم کردەوەیە بێگومان ڕووسیا و هاوپەیمانانی یان شوێنکەوتووانین، ئامانج لەم کردەوەیە دابەزاندنی ئاستی متمانەیە لە نێوان هاوبەشەکانمان بەتایبەتی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە و ئەمەش تەواو ڕوونە بۆ من." سەرچاوە/ واشنتۆن پۆست، ئەلحورە