سەربازانی ئۆکرانیا لە بەرەکانی جەنگ مەشق و راهێنانی چەکی قورسیان پێ دەکرێت
دیجیتال میدیای سپێده
سەربازانی ئۆکراینا لە نزیک بەرەکانی جەنگ، بە بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆر بەشداریی لە مەشق و راهێنانی چڕ دەکەن.
لە ئۆکراینا کە زیاتر لە ساڵێکە جەنگ تێیدا بەردەوامە، سەربازانی سوپای ئۆکراینا کە لە بەرەکانی جەنگدان، هەوڵ دەدەن لەرێگەی ئەنجامدانی مەشق و راهێنان توانای شەڕکردنیان زیاد بکەن.
بەو پێیەی چەکی قورس و سووک لە ململانێکانی چەند مانگی رابردوودا لەنێوان سوپای رووسیا و ئۆکراینا لە ناوچەکانی وەک دۆنێتسک، خارکیڤ، لوهانکس، خێرسۆن و زاپۆریژیا بەکارهێنراوە، سەربازانی ئۆکرانیا مەشق و راهێنانی بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکیان پێ دەکرێت.
مەشقی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانەی کە لە وڵاتانی هاوپەیمانەوە دەکڕدرێن یان وەک هاوکاری دەنێردرێن، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازانی ئۆکراینی.
لە کاتێکدا دوابەدوای زیادبوونی هیرشەکانی سوپای رووسیا لە دۆنباس، پێشبینی دەکرێت سوپای ئۆکراینا هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی بەرفراوان دەست پێ بکات، زیادکردنی مەشق و راهێنانەکان بووەتە جێگەی سەرنج.
هەرچەندە هێشتا روون نییە هێرشەکەی سوپای ئۆکراینا کەی و لە کام ناوچەوە دەست پێ دەکات، بەڵام گرنگی بەوە دەدرێت سەربازانی ئۆکراینا لە بەرامبەر هێرشەکانی رووسیادا بتوانن چەکی جۆراوجۆر بەکاربهێنن.
- مەشقی چڕ و پڕی بەکارهێنانی چەک لە ناوچەی زاپۆریژیا بەردەوامە
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو دوای وەرگرتنی مۆڵەتی تایبەتی لە سوپای ئۆکراینا بەرنامەی مەشقی جەنگیی گواستەوە کە بۆ سەربازانی ئۆکراینا لە ناوچەی زاپۆریژیا رێکخرابوو.
هاوکات ئەو کەسانەیش کە دوای بەرپابوونی جەنگەکە خۆبەخشانە پەیوەندییان بە سوپاکە کردبوو، بەشداری ئەو مەشقەیان کرد کە تێیدا چالاکی بەکارهێنانی چەکی ناوخۆیی و بیانی ئەنجام درا.
لەو مانۆڕەدا کە لە ناوچەیەکی فراوانی نزیک لە بەرەی زاپۆریژیا بەڕێوەچوو، مەشق و راهێنانی بەکارهێنانی دژە فڕۆکە، دۆشکە، هاوەن و دژە تانک ئەنجام درا.
هەروەها لە چوارچێوەی مەشق و راهێنانەکاندا لەلایەن سەربازانی لیوایەکی سوپای ئۆکراینا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبردن و سیخوڕی بەکارهێندرا.