هەواڵی کوردستان ئێستا

هەسەدە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە پلانیان هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا

هەسەدە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە پلانیان هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا
هەسەدە ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە پلانیان هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا

2023-04-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەکی نهێنی هەواڵگری ئەمەریکای بڵاوکردەوە، بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا پلانی دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی نهێنی دژی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا بە هاوکاری هێزە کوردییەکان لە سوریا. بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی ڕۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە، کیێڤ ویستویەتی زیان بە ڕووسیا و میلیشیاکانی سەر بە ڕووسیا بگەیەنێت لە سوریا، بۆ ئەوەی سەرنجی مۆسکۆ بباتە سەر سوریا و هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و بچێتە سوریا. هەروەها بەپێی ئەو پلانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، ژەنەراڵەکانی ئۆکرانیا باسیان لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، فەرمانی کردووە ئەم پلانانە بوەستێنرێن و جێبەجێ نەکرێن. فەرهاد شامی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی هەسەدە لە بەیاننامەییەکی نووسراوی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و گوتی؛  "ئەم بەڵگەنامەیە ڕاست نییە." هەروەها شامی جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا باشە و هەماهەنگی نێوانیان بەردەوامه . گوتی" پەیوەندیمان لەگەڵ ڕووسیا باشە، ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دۆسیەکان لەسەر خاکی سوریا". بە پێی ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست، پنتاگۆن هیچ لێدوانێکی لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە نەداوە. ڕووسیا لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکان لە ساڵی 2011ەوە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی حکومەتی سوریا بووە و پاڵپشتی دیپلۆماسی و ئابوری حکومەتی سوریای کردووە، لە مانگی 9ی ساڵی 2015دا مۆسکۆ لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردانی لە خاکی سوریا کرد بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی سوریا. لە ساڵی 2019ەوە هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانە جێگیر بوون کە هێزەکانی هاوپەیمانان لێی کشاونەتەوە لە باکور و ڕۆژئاوای سوریا. هێزەکانی ڕووسیا بنکەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە قامیشلۆ، کۆبانی، تیلتەمیر، عامودە، حەسەکە و ڕەقە هەیە. لە ساڵی 2019ەوە هێزەکانی ڕووسیا بە پێی ڕێککەوتنی سوتچی دەوریەی هاوبەش لەگەڵ سوپای تورکیا لەودیو سنوورەوە ئەنجام دەدەن. سوریا تاکە وڵاتە کە هێزەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە یەک وڵاتدا بن. فەرماندەکانی هەسەدە جەخت لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەردوولا دەکەنەوە، هەرچەندە هەسەدە زۆر چالاکە لە شەڕی دژی داعش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام هیچ چالاکییەکی سەربازی هەسەدە لەگەڵ سوپای ڕووسیا لە سوریادا نیە.