میسر 436 هاووڵاتیی لە سوودانەوە گەڕاندەوە
میسر رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، 436 هاووڵاتیی لە سوودانەوە گەڕاندووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، ئەحمەد ئەبوزەید لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە گەڕاندنەوەی 436 هاووڵاتی لە سوودان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی هەمان وەزارەتدا ئاماژە بەوە کراوە کە باڵیۆزخانەی میسر لە خەرتومی پایتەخت و نووسینگەی کۆنسولگەریی میسر لە شاری پۆرت سوودان و دۆڵی حەلفا لەگەڵ هاووڵاتییانی میسر لە هەماهەنگیدان بۆ رێکارەکانی گەڕاندنەوەیان.
هیچ زانیارییەکی دیکە سەبارەت بە پرۆسەکە نەخراوەتەڕوو.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دەرەوەی میسر، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی میسری لە سوودان دەژین.
- شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان
لە بەیانی ١٥ی نیسان لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تیایدا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.
وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند کە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و فەرماندەی سوپا، عەبولفەتاح ئەلبورهان راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتارەی کردووە.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 436 کەس کوژراون و سێ هەزار و 551ی دیکەش برینداربوون.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند کە لە یەکەم رۆژی جەژنەوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر پابەندی ئاگربەست دەبن، سوپاش کاتەکانی ئێوارە رایگەیاند کە پابەندی بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبن بۆ پابەندبوون بە ئاگربەست.