"بەم نزیکانە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید سەردانی تاران دەکات"
- وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە بەم نزیکانە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید سەردانی تاران دەکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە بەم نزیکانە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید سەردانی تاران دەکات و خۆشحاڵی خۆی نیشان دا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە کە لە میانیدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە، ھەروەھا بیروڕایان لەبارەی پێشھاتەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕکردووە و جەختیان کردووەتەوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامیگریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
باسی لەوەیش کردووە کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و فوئاد حوسێن، ھەروەھا جەختیان کردووەتەوە لە پتەوترکردنی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان ئێران و عێراق و بەردەوامیدان بە راوێژ و ھەمانگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و رایگەیاندووە کە بەم نزیکانە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید سەردانی تاران دەکات.