گرژییەكانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا سەرهەڵدەدەنەوە
وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڕایگەیاند: یەكێك لە سەربازەكانی لەلایەن نیشانەگرێكی ئازەربایجانەوە لە نزیك سنووری نێوان دوو وڵاتەكەدا كوژراوە، بەڵام ئازەربایجان رەتی كردەوە و دەڵێت سەربازەكانی لەلایەن ئەرمینیاوە لە بەشێكی دیكەی ناوچە سنوورییەكەوە تەقەیان لێكراوە.
ڕۆژی یەكشەممە گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیادیانكرد، پاش ئەوەی ئازەربایجان ڕایگەیاند: خاڵێكی پشكنینی لە سەرەتای ئەو ڕێگایە داناوە كە دەچێتەوە سەر ئەرمینیاو هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنین.
لەلای خۆیەوە ئەرمینیا ڕایگەیاند ئەو جۆرە خاڵە پشكنینانە پێشێلكردنی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لە ساڵی 2020 دا واژۆ كرا بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكەی نێوان دوو وڵاتەكە.
لە ساڵی 1994 دا هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ كەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی نەژادە ئەرمەنیەكانەوە، ئەوەش لە كۆتایی چەندین ساڵ لە شەڕی جیاخوازەكان، هێزەكانی ئەرمینیاش چەند ناوچەیەكی دەوروبەری ناگۆرنۆ كاراباخییان گرت.
لە ماوەی جەنگە شەش هەفتەییەكەی ساڵی 2020 دا ئازەربایجان زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری ناگۆرنۆ كاراباخی گرتەوە، جەنگەكەش بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 6 هەزارو 800 سەرباز، كۆتاییهاتنی جەنگەكەش بەهۆی ئاگربەستێكەوە بوو كە ڕووسیا نێوەندگری تێدا كرد.