یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر سووریای فراوان کرد
- سزاکان کە خێزانی ئەسەدی کردووەتە ئامانج، ئەوانە دەگرێتەوە کە ماددەی هۆشبەر بەرهەمدەهێنن و قاچاخچێتی پێوە دەکەن.
یەکێتیی ئەورووپا، بە پاساوی ئەوەی پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی كردن ماددەی هۆشبەرەوە هەیە، ٢٥ کەس و هەشت دامەزراوەی خستە نێو لیستی سزاکان دژی سووریا.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرینەی ئەو کەس و دامەزراوانەی خراونەتە لیستەکەوە لەوانە پێکهاتوون کە ماددەی هۆشبەر لە سەرووی هەموویانەوە "کاپتاگۆن" بەرهەم دەهێنن و قاچاخچێتی پێوە دەکەن.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بە سهرپهرشتی رژێمی سووریا وەکو شێوازێکی کارکردنی لێهاتووە و ئەوە خراوەتەڕوو کە کەسایەتییەکانی نێو رژێم له سایەی ئەمەدا، دەوڵەمەند بوون، ئەم بازرگانییە دهروازهیهكی داهاتە بۆ رژێم و ئەو داهاتەی کە بەدەستی دەهێنن بۆ بەردەوامیدان بە سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێندریت.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامۆزاکانی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانی ئەسەد، کەسانی پەیوەست بە هێزەکانی رژێم و خێزانی ئەسەد و هەندێک خاوهنکاری نزیک لە هەواڵگری لە نێو ئەو کەسانەدان کە خراونەتە لیستی سزاکانەوە. ئەوەش باسکراوە کە کۆمپانیاکانی ئاسایشی تایبەت و پاسەوانیی "ئەلجەبەل"، "كاسڵ" و "ئەمان" و ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە. خراونەتە نێو لیستەكهوە.
ئهوهش ئاشکراشکراوە، یەکێتیی ئەورووپا هەر سەبارەت بە سزاکانی سەر سووریا بە پاساوی ئەوەی پاڵپشتیی رژێم دەکەن، هەریەک لە کۆمپانیای ئەندازیاری و بیناکاریی سترۆیترانسگازی رووسی و کۆمپانیای جیۆکۆفام کە لە لایەن وەزارەتی نەوتی رژێمی ئەسەدەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، خستووەتە نێو لیستی سزاکانەوە.
لەگەڵ دوایین سزاكاندا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە یەکێتی ئەورووپا خستوونییەتە نێو لیستی سزاکانهوه بۆ ٣٢٢ کەس و دامەزراوەکان بۆ ٨١ دامەزراوە بەرزبووەتەوە. سزاکان، بلۆککردنی سەروەت و سامان، سنووردارکردنهكانی وەکو گەشتکردن و قەدەغەکردنی مامەڵەی دارایی، لەخۆدەگرێت.