هێرشی سایبەر کرایە سەر ماڵپەڕی مۆساد
دیجیتال میدیای سپێده
هێرشی سایبەر کرایە سەر ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) و دامەزراوەی بیمەی نیشتمانیی ئیسرائیل.
رۆژنامەی "Yedioth Ahronoth" بڵاوی کردەوە، ماڵپەڕەکانی ژمارەیەک لە دامەزراوە فەرمییەکانی ئیسرائیل دووچاری هێرشی سایبەری گرووپێکی هاککەر بەناوی "Anonymous Sudan" بوونەتەوە.
ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی هێرشەکەوە، ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) و دامەزراوەی بیمەی نیشتمانیی ئیسرائیل بەردەست نین.
لای خۆیشیەوە گرووپی هاککەری "Anonymous Sudan" بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاندووە و لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام نووسیوویەتی: "ئەم هێرشە ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی گەورەتر".
ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) هیچ راگەیەندراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە و لای خۆیەوە دامەزراوەی بیمەی نیشتمانیی ئیسرائیل هەواڵی ئەنجامدانی هێرشی سایبەری بۆسەر ماڵپەڕە فەرمییەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.
پێشتریش هێرشی سایبەر کرابووە سەر ژمارەیەک ماڵپەڕی فەرمی دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی ئیسرائیل.