هەواڵی کوردستان ئێستا

"ھاووڵاتیان داوای بەخشین لە کرێی خانوو و بازاڕ دەکەن"

"ھاووڵاتیان داوای بەخشین لە کرێی خانوو و بازاڕ دەکەن"
"ھاووڵاتیان داوای بەخشین لە کرێی خانوو و بازاڕ دەکەن"

2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆوە زۆربەی بازاڕ و دووکان و شوێنە بازرگانییەکان داخراون و بەشێک لە خاوەنموڵکەکان وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە کرێی موڵکەکانیان خۆش بوونە، بەڵام بەشێکی زۆری خاوەنموڵکەکان کرێ وەردەگرن و لە بەرامبەردا کرێنشینان داوای بەخشین دەکەن، بەتایبەتی چاویان لە بڕیاری حکوومەتە.

محەمەد سێودین، ماوەی سێ مانگە دووکانێکی بۆ نووسینگەی خانووبەرە بەکرێ گرتووە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە مانگی یەکەم تەنیا ١٠٠ دۆلار داھاتی ئێمە بووە بە دوو کەس، لە مانگی ئاداریش بە بڕیاری حکوومەت بازاڕ داخرا، کەواتە داھاتی سێ مانگی ئێمە تەنیا ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بووە، خاوەندووکان دەڵێ، تەنیا ھەندێک داشکاندن بۆ ئێوە دەکەین لە کرێی دوو مانگ ئەوەش وا دەکات ئێمە کرێی ھەردوو مانگەکە لە گیرفانی خۆمان بدەین."

محەمەد سێودین ڕوونی کردەوە: "پێویستە حکوومەت بڕیار لەسەر پرسی دان و نەدانی کرێ بدات، چونکە ئەو دووکانەی ئێمە بەکرێمان گرتووە خاوەنەکەی باجیش نادات بە حکوومەت، چونکە دەگوترێ ئەوانەی کرێ وەرناگرن، لەبەرامبەردا حکوومەت باجیان لێ وەرناگرێت، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن."

وشیار عومەر، خاوەندووکانێکی دیکەیە و پەیوەست بە وەرگرتنی کرێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مانگی یەکەم کرێ لە ئێمە وەرگیراوە و ژمارەیەک دووکانین، لە مانگی دووەمدا نیوەی کرێ لە ئێمە وەرگیراوە، بەڵام ئێمە ھیچ کاردانەوەمان نەبووە، چونکە پێویستە حکوومەت بڕیار بدات، ئێمە ھیچ داھاتمان نەبووە و کرێشمان داوە."

زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە پێشنیارمان داوەتە حکوومەت ھەماھەنگی لەگەڵ خاوەنموڵکەکان بکات و لە کرێی دوو مانگ خۆش بن، سەرجەم فڕاکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانیش لەگەڵ ئەوەدان کرێ وەرنەگیرێت، چونکە قۆناغەکە پێویستی بە ھاوکاریی ھەموو لایەکە."

د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لەبارەی بەخشینی کرێوە ئاشکرای کرد: "پارێزگای ھەولێر داوای لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ بەخشینی کرێ و پێداچوونەوە بە کرێی بازاڕ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکان، حکوومەت بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات لەسەر ئەو بابەتە."

قائید میرۆ