هەواڵی کوردستان ئێستا

د.سۆران نووری: تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووین بەسەر کۆڕۆنا

د.سۆران نووری: تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووین بەسەر کۆڕۆنا
د.سۆران نووری: تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووین بەسەر کۆڕۆنا

2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی-KDP.info-  دكتۆر سۆران، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای لاوانی كوردستان و ڕێكخه‌ری سه‌نته‌ری ئاشتیی كورد بۆ دیالۆگی نیشتمانی و كادری پێشكه‌وتووی پارتی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا باس له‌ دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و كوردستان و هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌كات.

دكتۆر سۆران نووری ده‌ڵێ: "كورد له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانیی عێراقدا ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بووه‌ له‌ ناكۆكیی ناوماڵی شیعه‌ و سوننه‌ نێوه‌ندگیرییان كردووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ لایه‌نی عێراقی ویستوویانه‌ ڕۆڵی كورد له‌ حوکمڕانیدا لاواز بكه‌ن و شه‌راكه‌ت و ته‌وازنیان تێك داوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ كورد به ‌ڕابه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی به‌ یه‌كڕیزی هه‌نگاوی ناوه‌".

ڕێكخه‌ری سه‌نته‌ری ئاشتیی كورد بۆ دیالۆگی نیشتمانی، ده‌ڵێ: "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، به‌ دیدگایه‌كی نیشتمانیانه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بووه‌ته‌ چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییەکانی ‌كوردستان و، بۆ مافه‌ و داوا و شه‌راكه‌تی كورد له‌ به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێن، هه‌موو باوڕیان به‌ سه‌ركه‌وتن و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی هه‌یه‌، بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی مافه‌كانمان".

ناوبراو ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بوو توانیی به‌سته‌ڵه‌كی  پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بشكێنێت و درگای دنیا به‌ ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا بكاته‌وه و‌، سه‌ركرده‌یه‌كی به‌هێزه‌ له‌ پێوه‌ندیی دیپلۆماسیدا".

ئاماژه‌ به‌وه ده‌كات: "كوردستان پێویستی زیاتری به‌ كۆده‌نگیی نیشتمانیی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه‌، تاوه‌كو به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، زه‌مانه‌تی ده‌ستووری، كیانی كوردستان و ئه‌منی قەومیمان بپارێزێت، هیچ كه‌س جارێكی تر بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ خه‌رقی ده‌ستوور بكات و هێز به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان به‌كار بهێنێت و‌ دۆخی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاسایی بكرێته‌وه‌ و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان".

"دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هه‌موو لایه‌كمان ڕوونه. دۆخی ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتووی وه‌ك ئیتاڵیا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ڕیتانیا و ئیسپانیا و ئه‌مەریكا و تا دوایی دیارە کە له‌ چ قه‌یرانێكی ماددی و ته‌ندروستیدان، مه‌یت له‌سه‌ر جاده‌كان كه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و ئیمكانیه‌ته‌ كه‌مه‌ ئابووری و ته‌ندروستییەی هه‌یه،‌ به‌ پلانی تۆكمه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و حكوومه‌ت توانراوه‌ به‌ هاوكاریی كارمه‌ندان و پزیشكانی ته‌ندروستی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باش زاڵ بین به‌سه‌ر كۆرۆنادا و، گه‌له‌كه‌مان له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی مرۆیی پارێزراوە، هەروەها سه‌رمایه‌دارانی كوردستان بە پاڵپشتیی حكوومه‌ت و گه‌له‌كه‌یان و به‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ و هێنانی جیهازی ته‌ندروستی و هاوكاریی ماددی  هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یان ناوه.' سۆران نووری وای گوت.

گوتیشی: "چۆن سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا چاوی دنیای نێوده‌وڵه‌تیی خسته‌ سه‌ر كوردستان، ئێستاش پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا سەرنجی دنیای نێوده‌وڵه‌تییان بۆ سەر هه‌رێمی كوردستان ڕاکێشاوە‌".

ئاماژه‌یشی دا: 'سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ی له‌ حكوومه‌ت، له‌ زاخۆوە تاوه‌كو خانه‌قین به یه‌كسانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك ده‌كات و، گه‌شبینین به ‌توانا و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك مه‌سروور بارزانی، ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌بێته‌ سارێژی برینی گه‌له‌كه‌مان، سه‌رۆك مه‌سروور به‌وپەڕی توانایه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات كارنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، سه‌رباری ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌مانی گرتووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: "گرووپێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕۆڵێكی خراپیان هه‌یه‌ له‌ كاركردن به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ی و ڕۆڵی لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌بینن و هه‌میشه‌ له‌ پلاندان بۆ له‌باربردنی ئه‌زموونی حوکمڕانیی كورد، ئێستا ئه‌و گرووپه‌ بەده‌ست دوژمنانه‌وه‌ن و هه‌میشه‌ كار بۆ زیانگه‌یاندن به‌ ئابووریی كوردستان ده‌كه‌ن بە هاندانی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ بڕینی به‌شه‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئێمه‌ په‌رله‌مانتارمان نارده‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی جووتیاران و پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان، نه‌وه‌كو بڕۆن سه‌نگه‌ر له‌ ده‌ستكه‌وت و مافه‌كانمان بگرن".

هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد: "هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی داموده‌زگای خۆیه‌تی، كه‌س ناتوانێت له‌جیاتی بڕیار بدات، نابێت كه‌س مووچه‌ بۆ موزایده‌ی سیاسی به‌كار بێنێت، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك به‌رپرسیارانه‌ قسه‌ بكه‌ن، ته‌نها بۆ لایك و كۆمێنت یاری به‌ هه‌ستی گه‌له‌كه‌مان نه‌كه‌ن، كه‌سانێك تا بینه‌ قاقایان قه‌رزاری حكوومه‌تن، ناتوانن قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه‌ به‌ پاره‌ی خه‌ڵكی پڕۆژه‌ ده‌كەن، بۆیه‌ ئه‌جێندای ئه‌مانه‌ ڕوونه‌".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای لاوانی كوردستان، زیاتر ده‌ڵێ: "كوردستان له‌ ڕوی حوکمڕانییه‌وه‌ ڕوویەكی جوانی پێشانی وڵاتانی دنیا داوه‌ و ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه ‌بوو به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی خه‌لافه‌تی داعشی تێك شكاند وه ڕێگر بووین له‌ چه‌كه‌ره‌كردنی فكری ئیرهابی و سه‌لماندوومانه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئه‌منییه‌تی ئێمه‌ ئه‌منییه‌تی ئه‌وانیش ده‌پارێزێت و شه‌ڕی ئێمه ‌له‌گه‌ڵ تیرۆر، شه‌ڕه‌ له‌جیاتی هه‌مو جیهان".

 

عه‌زیز ڕه‌سووڵ