English | عربي

گوتەبێژی یەکێتی: لە شەممەی داهاتووەوە گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی دەست پێ دەکاتەوە


گوتەبێژی یەکێتی: لە شەممەی داهاتووەوە گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی دەست پێ دەکاتەوە

2019/01/17 | 11:00

(هەواڵ كوردستان)- ”کار بۆ ئەوە دەکەین حکوومەتێکی بەهێزی کارا پێک بهێندرێت“

 

گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە یەکێتی و لەگەڵ پارتی ”کۆبوونەوەکانمان دەست پێ دەکەینەوە“.

 

ڕوونیشی کردەوە: ”لەسەر هەموو بابەتەکان گفتوگۆ دەکەین، هەر لە پێکهێنانی حکوومەتەوە تا نووسینی وەرەقەی سیاسی و کاری هاوبەش، هەروەها لەسەر کەرکووک، لەسەر بەغدا و لەسەر هەموو بابەتەکان“.

 

سەعدی پیرە ئاماژەی بە کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممە ١٦ی ١ی ٢٠١٩ی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی کرد و ڕای گەیاند: ”کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان کرد بۆ باسکردن لە دۆخی ناوچەکە و کێشەکانی ناوچەکە و ئەو کێشانەی دێنە ڕوو، هەروەها تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش هەڵسەنگاندنی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەمان بوو لەگەڵ پارتی، بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا“.

 

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ هەنگاوەکانیان دەبێتە هۆی خێراتر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت؟ گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە بە مەوازی دەست بە گفتوگۆکان دەکەین، ئیشەڵا یەکێکیان پێشتر تەواو دەبێت.

چونکە ئێمە و پارتی دەستەیەکمان هەیە بۆ کەرکووک و پێکهێنانی حکوومەت و کاروباری بەغدا، ئەمانە دەست بەکار دەبن، هەوڵ دەدرێت بە هاوسەنگی هەمووی بڕوات“.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە بەهۆی ئەوەی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا گۆڕان دووەم و یەکێتی سێیەمین دەنگیان هێنا، گۆڕان سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرت و یەکێتیش جێگری سەرۆکی حکوومەت، بەڵام لەم خولەدا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، بۆیە یەکێتی سەرۆکی پەرلەمانی بەردەکەوێت و گۆڕانیش داوای جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکات.

 

لەبارەی ئەم داواکارییەوە، سەعدی پیرە ڕای گەیاند: ”گوێم لێ نەبووە گۆڕان ئەو داوایە بکات،  زمانحاڵ و گوتەبێژی گۆڕان و کۆبوونەوەکان گرنگن کە تێیدا داواکاری دەکرێت، ئەسڵی بابەتەکانیش لەناو کۆبوونەوەکان بڕیاری لێ دەدرێ، کێشەی ئێمە نییە ئەوان داوای چی دەکەن؟ بەڵکوو پێکەوە دادەنیشین و پۆستەکان دابەش دەکەین، بەو شێوەیەی کە حکوومەتێکی بەهێزی کارا بۆ هەرێمی کوردستان دابمەزرێت“.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending