لیژنەی دارایی ئەمرۆ دەست بەگفتوگۆكردنی پرۆژە یاسایی بودجە دەكات
دیجیتال میدیای سپێده
لیژنی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەمرۆ گفتوگۆكانی كۆتایی بۆ رەشنووسی پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی وڵات دەكرێت، ئەمەش دوای میوانداریكردنی بەرپرسانی جێبەجێكار، وبەپێی ئاراستە سیاسییەكانیش بێت پرۆژە یاساكە بەئاسانی تێناپەڕێندرێت.
مستەفا كەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندوە: ئەمرۆ لیژنەكە گفتوگۆكانی تایبەت بەپرۆژە یاسایی بودجەی گشتی دەست پێدەكات، وئاشكرایكرد: لیژنەكە راستەوخۆ بەئاراستەی كەمكردنەوەی بودجەی بەكاربەر وبودجەی وەبەرهێنانی كەنگرنگ نین وكەمكردنی قەرزەكان دەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: هیوادارین ئەم كەمكردنەوانە ببنە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە كەپێدەچێت كێشەی ئابووری بۆ داهاتووی وڵات دروست بكات.
لایخۆیەوە، د. جەمال كۆچەر سەرۆكی كوتلەی یەكگرتوو وهاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندوە: پرۆژە یاسایی بودجە تێپەڕدەبێت ودەنگدان لەسەری دوا ناكەوێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تەواوی وەزارەتەكان بانگهێشت نەكراون، وتەنها لایەنە پەیوەندیدارەكان میوانداری دەكرێن.
كۆچەر راشیگەیاند: سەرۆك وەزیران نەرمی نواندنی تەواوی بەلیژنەی دارایی دراوە، بۆ ئەوەی كادیرانی وەزارەتی دارایی وپلاندانان بەشداری لەدانیشتنەكانی لیژنەی دارایی بكەن. دەشڵێت: حكومەت داوای بودجەی سێ ساڵی كردوە، بۆیە پێویستە بەوردی لێكۆلینەوەی بۆ بكرێت لەتەواوی ژمارەكانی نێو بودجە دا تا هیچ هەڵەیەك نەمێنێت، وموكۆڕین لەسەر ئەوەی كە كورتهێنان كەمبكرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاماژانەی كەباس لەگۆرانكارییەكانی نرخی نەوت دەكەن لەبازاڕەكانی جیهان دا بۆ ساڵانی داهاتوو.