هەواڵی کوردستان ئێستا

دادگایەکی ئێرانی سزای 313 ملیۆن دۆلاری بەسەر ئەمریکادا سەپاند

دادگایەکی ئێرانی سزای 313 ملیۆن دۆلاری بەسەر ئەمریکادا سەپاند
دادگایەکی ئێرانی سزای 313 ملیۆن دۆلاری بەسەر ئەمریکادا سەپاند

2023-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دادگایەک لە ئێران لە بەرامبەر ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٧دا لە تاران ئەنجامیدا، قەرەبووی ٣١٣ ملیۆن دۆلاری بەسەر چەند کەسێکدا سەپاند کە هەریەکە لە سەرۆکانی پێشووی ئەمریکا، جۆرج بوش و باراک ئۆبامایان لەنێودایە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی میزان سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، دادگای دادی تاران بڕیاری لەسەر ئەو داوا یاساییە داوە کە خێزانی ئەو کەسانەی لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠١٧ی تاراندا گیانیان لەدەست دا لە دژی حکوومەت و بەرپرسانی ئەمریکا تۆماریان کردووە.

لەو داوایەدا کە لە دژی حکوومەتی ئەمریکا، هەردوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بوش و ئۆباما، دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA)، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، تۆمی فرانکس، وەزارەتی دارایی ئەمریکا، کۆمپانیای لۆکهید مارتین بۆ دروستکردنی فڕۆکەی سەربازیی و هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا کراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەرپرسانی ئەمریکا "لە بەڕێکخراوەییکردن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەدا، رۆڵێکی گرنگییان هەیە".

بەمشێوەیەش دادگا، حکوومەتی ئەمریکا، دامەزراوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە قەرەبووکردنەوەی خیزانی قوربانییەکان مەحکووم کردووە کە قەرەبووەکە بریتییە لە نۆ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دۆلار قەرەبووی ماددی، ١٠٤ ملیۆن دۆلار قەرەبووی مەعنەوی و ١٩٩ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سزایی.

لە حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٧دا، لەڕێی بۆمب و پەلاماری چەکدارییەوە هێرش کرایە سەر پەرلەمانی ئێران و مەزاری رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی و لە ئاکامدا، ١٢ کەس کوژران و ٤٣ی دیکەیش برینداربوون.

ریکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە پەلامارەکە راگەیاند.