په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد
هەولێر-KDP.info- به مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی دۆخى ئێستای كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه ئابوورى و ته‌ندروستییه‌ی كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی کۆرۆناوه پەیدا بووه، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 4/4/2020، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، به سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و، مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سەرۆکی سه‌رجه‌م فراکسیۆنەکانی په‌رله‌مانى كوردستان كۆ بووه‌وه.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاو كرده‌وه، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان
ڕۆژی 4ى نیسانی 2020 له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه جیاجیاكانی په‌رله‌مان كۆ بوونه‌وه.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ى خسته ڕوو، كه گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر دۆخی ئێستای كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه ئابوورى و ته‌ندروستییه‌ی كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی کۆرۆناوه ئێستا به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهانی گرتووەته‌وه.
هه‌روه‌ها باسی له دوایین سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانی كرد كه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى فراكسیۆنه جیاوازه‌كان بۆ پارێزگاكان و لیژنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كردوویانه.
دواتر له‌لایه‌ن به‌ڕێز هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌دواداچوونه‌كانی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته تایبه‌تمه‌نده‌كان و كارى لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان له به‌رده‌وامیی به‌دواداچوون بۆ كارى وه‌زاره‌ت و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانى حكوومه‌تی هه‌رێم خرایه ڕوو.
دواتر سه‌رۆكى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان ڕوانگه‌ی فراكسیۆنه‌كانیان خسته ڕوو و به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان له خستنه‌ڕووی دۆخی گشتی و خاڵه له‌پێشینه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه كۆك بوون:
1 - ئه‌م قه‌یرانه ته‌ندروستییه‌ی کۆرۆنا، لێكه‌وته ئابوورییه‌كانی، كه‌مبوونه‌وه‌ى داهات و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ى بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و بژێویی ژیانیان، له خاڵه هه‌ره له‌پێشینه‌كانه، كه پێویست ده‌كات حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان كارى له‌سه‌ر بكات.
2 - ئه‌و ڕێوشوێن و هه‌نگاوانه‌ى كه تا ئێستا حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به خۆپارێزی و گرتنه‌به‌رى ڕێكار و وه‌رگرتنی بڕیار بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان ئه‌نجامیان داوه به‌رز ده‌نرخێنێت.
3 - پشتیوانیی بڕیارى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانین كه له كۆبوونه‌وه‌ى 1ى 4ى 2020 بڕیاریان داوه به ڕاسپاردنى لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌ن بۆ ئاماده‌كردنى بڕیارێكی حکوومەتی هه‌رێم سه‌باره‌ت به كرێنشینان و لێخۆشبوو‌ن له كرێ و هه‌ر ڕسووماتێكی دیكه، هه‌مووان كۆك بووین له‌وه‌ى كه دوای بڕیارى حکوومەت له‌م ڕووه‌وه ئه‌كه‌ر پێویستیی ته‌شریعی هه‌بوو بۆ هه‌ر بڕیارێكی ته‌شریعی كه له خزمه‌تی هاووڵاتییاندا بێت به هه‌ماهه‌نگیی هه‌موو لایه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان به له‌به‌رچاوگرتنی ڕێوشوێنه ته‌ندروستییه‌كان كارى پێویستی ته‌شریعی ئه‌نجام ده‌دات.
4 - هه‌مووان هاوڕا بووین له‌وه‌ی كه ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر داهاتێك كه به‌رده‌ست ده‌بێت، مووچه‌ی هاووڵاتییان و خۆراك و ده‌رمانی پێویست بێت و له‌م ڕووه‌وه پشتیوانیی ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌كه‌ین كه حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی دروستكردنی چه‌ند بۆرد و لیژنه‌یه‌كه‌وه كارى له‌سه‌ر كردووه و وه‌كو په‌رله‌مانى كوردستان چاودێرێكی وردی كارى ئه‌و لیژنانه ده‌بین.
5 - هه‌موو لایه‌ك هاوڕا بوون كه تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه پێویستیی به هه‌ڵوێست و كارى پێكه‌وه‌یى و نیشتمانی و گیانی كارى هاوبه‌شه كه هاوكار بێت له تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه.
دواتر ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه دران:
1 - سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له كارى به‌دواداچوون و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانى حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازى له خه‌رجی و داهات.
2 - دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵاى په‌رله‌مان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لیژنه‌ى دارایى و ته‌ندروستى و پیشه‌سازی و وزه و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی بۆ به‌دواداچوونی كارى ئه‌و لیژنه تایبه‌تمه‌ندانه‌ى حکوومەتی هه‌رێم كه بۆ به‌دواداچوونی پێداچوونه‌وه به خاڵه سنوورییه‌كان و گرێبه‌سته‌كان و ڕوسوومات و لێخۆشبوونى گومرگی و دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی ده‌رمان دروست كراون.
3 - دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵاى په‌رله‌مان به سه‌رۆكایه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى پێویست و به‌دواداچوونی كارى لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان و هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانى ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى کۆرۆنا.
4 - په‌رله‌مانى كوردستان پاڵپشتیی ئه‌وه ده‌كات له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنێكى هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ حکوومەتی عێراق بكرێ.
له كۆتاییدا كۆبوونه‌وه وێڕای به‌رزڕاگرتنی خۆڕاگریى هاووڵاتییان داوا و تكایان له هاووڵاتییانی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه به ته‌واوى پابه‌ندی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن.
په‌رله‌مانى كوردستان هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رجه‌م پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆ و تێكڕای فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراوه‌كانی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان و بوارى خزمه‌تگوزاریى گشتی به‌رز ده‌نرخێنێت و سوپاسی له‌خۆبردوویی و خزمه‌ته‌كانیان ده‌كه‌ین.