هەواڵی کوردستان ئێستا

د. محەمەد خورشید: لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک داوایەک پێشکەش بە پارتی و یەکێتی دەکەن

د. محەمەد خورشید: لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک داوایەک پێشکەش بە پارتی و یەکێتی دەکەن
د. محەمەد خورشید: لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک داوایەک پێشکەش بە پارتی و یەکێتی دەکەن

2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  دوێنێ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لەبارەی ڕەوشی پارێزگای کەرکووک کۆ بوونەتەوە و بەرپرسی لقی پارتیش لە کەرکووک ئاشکرای کرد، لایەنەکانی کەرکووک داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەن، ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانەی جیھانی گرتووەتەوە.

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنەکانی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی ڕەوشی ئێستای کەرکووکەوە کۆ بوونەتەوە و ئێمەش وەک پارتی بەشدار بووین لە کۆبوونەی لایەنەکانی کوردستان، کۆبوونەوەکە لەبارەی ڕەوشی ئێستای کەرکووکەوە بووە، ھەموو لایەنە سیاسییەکان داوامان لە ھەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێمی کوردستان کردووە لە قۆناغی ئێستادا ھاوکاریی کەرکووک بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەڵێت: "بەداخەوە چەند ڕۆژێکە لەلایەن ھەندێ کەس و پەرلەمانتارەوە ھێرش دەکرێتە سەر حکوومەتی ھەرێم لە سۆشیالمیدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە، ئێمە وەک لایەنەکانی کەرکووک داوامان لە پارتی و یەکێتی کردووە ئەو ھێرشانە ڕابگرن و پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە حکوومەتی ھەرێم ئەرکی زۆری لەسەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

د. محەمەد خورشید ڕوونی کردەوە: "ھێرشکردنە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارێکی نەشیاوە و کاریگەریی لەسەر خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پەیدا کردوە، لەبەر ئەوە دەخوازین بە ھەموو لایەک ھاوکار و پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم بن بۆ ئەوەی سەر کەوێت بەسەر کۆرۆنا و ئەو کێشە و ئاستەنگانەدا کە ئێستا جیھانی گرتووتەوە."

قائید میرۆ