نرخی نەوتی ئورالی رووسیا نزیکەی 40% دابەزی
دیجیتاڵ میدیای سپێده
نرخی نەوتی ئورالی رووسیا لە ماوەی کانوونی دووەم-نیسان، بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو، 39.7% دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێک بە 51.5 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دارایی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە نرخی بەرمیلێک نەوتی ئورال لە ماوەی کانوونی دووەم-نیساندا، تێکڕا 51.5 دۆلار بووە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئورالی رووسیا کە ساڵی پار لە هەمان ماوەدا بە 84.68 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە لە یەک ساڵدا نزیکەی سەدا ٣٩،٧ دابەزیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە نەوتی ئورال لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلێکی بە 58.63 دۆلار مامەڵەی پێوە کراوە.
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە کانوونی یەکەمی 2022دا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی 60 دۆلار بۆهەر بەرمیلێک نەوتی رووسیا دابنێن کە لە رێگەی دەریاوە دەگواسترێتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لەو وڵاتانەی بەردەوامن لە کڕینی نەوت لە رووسیا، بەتایبەتی چین و هیندستان بە ئاماژەدان بە ئەگەری سزاکان، داوا لەو وڵاتە دەکەن نرخی نەوتیان بۆ دابەزێنێت.