سوودانی: پابەندین بە بەرنامەی حكوومەتەكەمان لەوانەش جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال
دجیتال میدیای سپێده
سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەپابەندبوون بە بەرنامەی حكوومەتەكەی لەوانەش جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال كردەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحما خەلیل رایگەیاندووە: دوای ئەو بانگەوازەی سەبارەت بەپێویستی ئاساییكردنەوەی شنگال كردبووی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران ناوبراوی بانگهێشتی كردووە كەسەردانی بكات بەمەبەستی تاوتوێی دۆخی گشتی شنگال.
مەحما خەلیل ئاماژەی بەوە كردووە: لەدیدارەكەدا باس لەداڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كرا كەخۆی ئیدارەو دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووەكان، لەخۆ دەگرێت.
سوودانی پابەندبوونی خۆی بەرێككەوتننامەی شنگال دووپاتكردووەتەوەو رایگەیاندووە: پابەندین بە بەرنامەی حكوومەتەكەمان لەوانەش جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال.
لای خۆیەوە مەحما خەلیل داوای لەسەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە كەسەردانی پارێزگاری نەینەواو شنگال ولالش بكات لەقەزای شێخان، لەبەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی عێراق بانگهێشتەی قبوڵ كردووە.
هەروەها لەسەر داوای پەرلەمانتار مەحما خەلیل سەرۆكوەزیران، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی دوو هەزارو 500 پۆلیس لەقەزای شنگال وخستنە ناو بودجەی داهاتووی عێراق.