هەواڵی کوردستان ئێستا

زێلێنسکی: ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر پوتین و ئەوەمان بۆ دادگا جێهێشتووە

زێلێنسکی: ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر پوتین و ئەوەمان بۆ دادگا جێهێشتووە
زێلێنسکی: ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر پوتین و ئەوەمان بۆ دادگا جێهێشتووە

2023-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەبارەت بەو بانگەشانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کۆشکی کرملین، گوتی: "هێرش ناکەینە سەر پوتین یان مۆسکۆ. لە ناوچەکانی خۆمان شەڕ دەکەین. بەرگریی لە گوند و شارەکانی خۆمان دەکەین. هێرشمان نەکردووەتە سەر پوتین و ئەوەمان بۆ دادگا جێهێشتووە".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە هێلسنکی پایتەختی فینلاند دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی وڵاتانی باکوور-ئۆکراینا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فینلاند ئوڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی نەرویج ژۆناس گاهر ستۆر، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک مێتتێ فریدریکسن و سەرۆکوەزیرانی ئایسلاند، کاترین ژاکۆبسدۆتیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی ئەنجامدا.
زێلێنسکی بە بۆنەی بەئەندامبوونی لە ناتۆ پیرۆزبایی لە فینلاند کرد و لە پای پشتگیرییەکانیان بۆ کیێڤ سوپاسی سەرکردەکانی وڵاتانی ئه‌سکاندیناڤیای کرد.
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا پەیامێکی بۆ رووسیا هەیە یان نا؟"، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی: "ئێمە تەنها بۆ مانەوەی وڵاتەکەمان و داهاتووی هاووڵاتییانمان خەبات دەکەین. لای ئێمە گرنگ نییە ئەوەی بەسەر هاووڵاتییانی رووسیا یان چی بەسەر رووسیا دێت. بیر لە هاووڵاتییانی ئۆکراینا دەکەینەوە. هیچ پەیامێکم بۆ رووسیا نییە".
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد تا ئه‌و كاته‌ی تەواوی خاکی ئۆکراینا لە داگیرکاریی رووسیا ئازاد دەکرێت دەبێت پاڵپشتیی کیێڤ بکرێت و باسی لەوە کرد ئەمڕۆ سەرکردەکان ویستیان لەسەر ئەم بابەتە هەبووە.
جەختی لەوەش کردەوە دەبێت رووسیا فێربکرێت رێز لە سنوورەکانی دەوڵەته‌كه‌ی بگرێت کە لەلایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە دەناسرێن و گوتی: "ئێستا ئەنجامدانی ئەمە مانای ئەنجامدانێتی بۆ هەتا هەتایی".
سه‌رۆكی ئۆكراینا بانگەشەکانی سەبارەت بەوەی ئۆکراینا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی پوتین لە کۆشکی کرملین رەتکردەوە و گوتی: "هێرش ناکەینە سەر پوتین یان مۆسکۆ. لە ناوچەکانی خۆمان شەڕ دەکەین. بەرگریی لە گوند و شارەکانی خۆمان دەکەین. هێرشمان نەکردووەتە سەر پوتین و ئەوەمان بۆ دادگا جێهێشتووە".