وتەبێژی کرملین لەبارەی هێرشەکەی سەر کرملین ئەمریکای تۆمەتبار کرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەهۆی ئەو هێرشەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە سەر کرملین و رایگەیاند: "دەزانین کە بڕیاری ئەم جۆرە کردە تیرۆریستییانە لە واشنتۆن دراوە نەک کیێڤ. کیێڤ ئەوە ئەنجام دەدات کە پێی دەگوترێت".
دمیتری پێسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوان کرد کە دەگوترێت ئۆکراینا کردوویەتییە سەر کرملین.
گوتەبێژی کرملین کاردانەوەی نیشان دا لەهەمبەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراینا کە هێرشەکەیان بە 'ساختە' ناوزەند کرد و گوتی: 'هەوڵەکانی ئەمریکا و ئۆکراینا بۆ نکۆڵیکردن لەم هێرشە مایەی پێکەنینە'.
پێسکۆڤ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا لە پشت هێرشەکەوەیە و گوتی: "دەزانین بڕیاری ئەم جۆرە کردە تیرۆریستییانە لە واشنتۆن دراوە نەک کیێڤ. کیێڤ ئەوە ئەنجام دەدات کە پێی دەگوترێت".
گوتەبێژی کرملین ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە دراوە بە ئۆکراینا و گوتی: 'کیێڤ هەمیشە ئازاد نییە لەبارەی هەڵبژاردنی ئامڕازەکانی هێرش. بەگشتیی ئەمەش لە دووری زەریا دیاری دەکرێت. زۆر باش ئاگاداری ئەم رەوشەین'.
دمیتری پێسکۆڤ بە پێویستی زانی ئەمریکا نەیەتە ناو شەڕ و پێکدادانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و گوتی: 'زۆر گرنگە واشنتۆن تێبگات کە ئێمە ئەمە دەزانین و چەندە مەترسییدارە بەم شێوەیە راستەوخۆ دێتە پێکدادانەکەوە'.
پێسکۆڤ باسی لەوە کرد کە ناچێتە وردەکاری ئەو وەڵامەی کە رووسیا لەهەمبەر هێرشەکان دەیداتەوە و گوتی: 'لە هەر بارودۆخێکدا دەتوانین باس لە گرتنەبەری هەنگاوی گونجاو بکەین کە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەماندا بێت'.
گوتەبێژی کرملین هەروەها باسی لەوە کرد کە دوای هێرشەکە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەمڕۆ لە نووسینگەکەی لە کرملین کار دەکات و لە نۆی ئایاریشدا لە رێوڕەسمی نمایشی سەربازیی کە لە مەیدانی سوور بەڕێوەدەچێت، گوتار پێشکەش دەکات.