ئۆکراینا: رووسیا بە 24 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووە و 18یانمان خستەخوارەوە
سوپای رووسیا بە ٢٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا، لەوانەیش کیێڤی پایتەختی وڵاتەکە.
فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەی.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو هێرشەدا، تێکڕا ٢٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەی 'شاهید-١٣٦/١٣١' بەکارهاتووە و ١٨یان لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە.
فەرمانگەی سەربازیی کیێڤ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای رووسیا کاتەکانی بەیانی زوو بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە هەموو ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی ئاراستەی پایتەخت کراون تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە و پارچەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیش کەوتووەتە سەربانی خانوویەک لە کیێڤ.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵیی رووسیا "TASS" لە هەواڵێکیدا بڵاوی کردەوە کە ئاگر لە پاڵاوگەی نەوتی ئیلسکی لە ناوچەی کراسنۆداری رووسیا کەوتووەتەوە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەیش کراوە کە هۆکاری ئاگرەکە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بووە.