هەواڵی کوردستان ئێستا

سوودانی: "پابەندین بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"

سوودانی:
سوودانی: "پابەندین بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"

2023-05-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پابەندبوونی حکوومەتەکەی بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

محەمەد شیاع سوودانی بەشداریی لە پانێڵێکی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کرد کە لە بەغدا بەڕێوەچوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە هەنگاوەکانی حکوومەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی کرد و رایگەیاند، حکوومەت لە ماوەی شەش مانگی کارکردنیدا، هەموو ئەو پێشبینییانەی کە پێشوەختە لەبارەیەوە دەخرانەڕوو، پووچەڵکردەوە.

سوودانی لەبارەی کارنامەی حکوومەتەکەی کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەیەوە رێککەوتوون ئاشکرایکرد لە کۆی ٨٠ بڕگەی کارنامەی حکوومەت، لەسەدا ٣١ی جێبەجێکراون.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنیان و لەوبارەیەوە گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان بڕیاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە و دەبێت بەردەوام بێت".

گوتیشی: "دەمانەوێت کۆتایی بە زاراوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بهێنین، هیوادارین باس لە دەرفەتە هاوبەشەکان بکەین".

سوودانی باسی لە هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەکنیکییە، تورکیا ئاگاداری کردینەوە کە پێویستە پشکنینی تەواو بۆ بۆرییەکە بکرێت ئەمەش دوای بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە ئەو وڵاتەیە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە "دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵە ئەگەر نەوت هەناردە بکرێت یان نا".