ئەمەریکا نیگەرانە لە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا
2023-05-05 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت کە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا بۆ ئەمەریکا جێگای نیگەرانییە. ڤێدانت پاتەل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە دوای سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ دیمەشق، گوتی "ئێمە بۆ بەرپرسیارکردنی هەردوو وڵات، ئامرازمان لەبەردەستدایە و وەک پێشتریش گوتراوە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو ڕژێمە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەمەریکا زۆر نیگەرانکەر و کێشەدار دەبێت." جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "هەردوو وڵاتەکە پێشێلکارێکی گەورەی مافەکانی مرۆڤن و کاریگەری خراپیان لە ناوچەکەدا هەیە و هەروەها دەستیان لە ناسەقامگیری و پڕچەککردنی گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە، بۆیە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان تەنها ئەمەریکای نیگەران نەکردووە، بەڵکوو هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمانیش نیگەرانن لەو نزیکبوونەوەیە و هەربۆیەش بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەو ڕووەوە." ڤێدانت پاتەل ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی ناکاتەوە تاکو ڕژێمی ئەسەد لەسەر کار بێت و هەروەها پشتیوانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لەگەڵ سوریا ناکات." ناوبراو گوتیشی "لەڕوانگەی ئەمەریکاوە تاکە ڕێگەچارەی سیاسی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان بە نائەمنی و ململانێ لە سوریا، گەڕانەوەیە بۆ بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و جگە لەوە هیچ ڕێگەیەکی تر لەئارادا نییە. بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکە کە لە 18ی مانگی یازدەی ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسەندکرا و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە سوریا لە ساڵی 2016 دیاریکردبوو. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە 3ی ئەم مانگە بۆ ڕاوێژ لەگەڵ هاوتا سورییەکەی، بەشار ئەسەد، گەیشتە دیمەشق و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی "ئەلمەیادین" باسی لەوە کرد کە ئامانجی ئەو گەشتە، پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ سوریا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ناوچەکە، لەنێویاندا حزبوڵای لوبنان . بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ژمارەیەک لە ئەندامانی کابینەی حکوومەتی ئێران، لەوانەش وەزیرانی نەوت، بەرگری، کاروباری دەرەوە و پەیوەندییەکان لەو سەفەرەدا یاوەری ئیبراهیم ڕەئیسی بوون. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە میدیای دەوڵەتی سوریا سەبارەت بە سەردانەکەی ڕەئیسی ڕایگەیاندبوو کە لە سەردانە دوو ڕۆژەیەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق چەند ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە. سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا