هەواڵی کوردستان ئێستا

لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوودان بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانوستان لە سعوودیە کۆبوونەوە

لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوودان بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانوستان لە سعوودیە کۆبوونەوە
لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوودان بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانوستان لە سعوودیە کۆبوونەوە

2023-05-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری سوودان و فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، عەبدولفەتاح بورهان و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، محەمەد حەمدان دەقەلو، لە شاری جددەی سعوودیە دەستیپێکرد.

ئاژانسی فەرمی "SPA"ی سعوودی راگەیەندراوی هاوبەشی سعوودیە و ئەمریکای لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەریەکە لە ریاز و واشنتۆن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ پێکدادانەکانی سوودان کە لە ١٥ی نیسانەوە تا ئێستا بەردەوامن و هاتووە: "سعوودیە و ئەمریکا، بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی فەرماندەی سوپای سوودان و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دەکەن".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا بانگەوازێک ئاڕاستەی هەردوو لا کراوە و هاتووە: "لەپێناو بەجێهێنانی بەرپرسیارییەتییەکان بەرامبەر گەلی سوودان و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، پێویستە لە کۆبوونەوەکاندا نەخشەڕێگایەک بکێشرێت و کۆتایی بە پێکدادانەکان بێت".

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا داوای "بەردەوامبوونی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان کراوە بۆ قۆناغی دانوستانی فراوان کە هەموو لایەنەکانی سوودانی تیادا بەشداربن".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان و هاوتا ئەمریکیەکەی، ئەنتۆنی بلینکن دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە بەرەوپێشچوونەکانی سوودان کرد.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خرایەڕوو کە لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەسەر کۆبوونەوەی نوێنەرانی لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سوودان لە جددە کراوە و باس لەوە کراوە کە "ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە کەم کردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆیە بۆ لایەنەکان بەجۆرێک کە ببێتە دڵنیایی بۆ ئاسایش و سەقامگیری سوودان و گەلەکەی".

لە ١٥ی نیسان لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".