هەواڵی کوردستان ئێستا

عێراق: "رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی"

عێراق:
عێراق: "رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی"

2023-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند کە وەزیرانی دەرەوەی عەرەب رەزامەندییان نیشان داوە لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب کە لە قاھیرە پایتەختی میسر بەڕێودەچێت، رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی.

راشیگەیاندووە "گفتوگۆی دیپلۆماسیی ھەوڵەکانی یەکخستنی عەرەب کە لەلایەن عێراقەوە خراوەنەتە گەڕ، ئەنجامێکی راستەقینەی ھەبوو لەسەر گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی".

ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاھیرە دەستی پێ کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێش ئەو لووتکە عەرەبییە کەوتووە کە چاوەڕان دەکریت لە ١٩ی ئەم مانگە لە ریاز پایتەختی سعوودیە ببەسترێت.

ئەمەیش لە کاتێکدایە، ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی داوایان کردووە کە سووریا بگەڕێتەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی.

تا ئێستا کۆمکاری عەرەبی و میسر کە میونداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کردووە، ھیچ راگەیەندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ماوەی ١٢ ساڵ بوو، بەھۆی سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدوە، ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی ھەڵپەسێرداربوو.