نزیکەی چوار هەزار تووشبوو بە تالاسیما لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
رۆژی هەشتی ئایار وەک رۆژی جیهانیی تالاسیما دەست نیشان کراوە و لەسەرانسەری دونیادا، چالاکی و رێوڕەسمی تایبەت بەم رۆژە بەڕێوەدەچێت.
لە هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا، چەند رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو کە تیایدا تووشبووانی تالاسیما بەچەند چالاکییەک بەشداربوون و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ بنبڕکردن و رێگریکردن لە تووشبوون بە تالاسیما لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە، سەنتەرێکی هۆشیاریی هاوسەرگیریی کراوەتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، ئەوا بۆ ماوەی یەک رۆژ بەشداری لە خولێکی هۆشیاریی تەندروستییدا دەکەن.
بە گشتیی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار تووشبووی تالاسیما هەیە و چارەسەری پێویست وەردەگرن، بە جۆرێک لە پارێزگای هەولێر هەزار و ٤٦ تووشبوو و لە پارێزگای دهۆک هەزار و ٢٠٠ تووشبوو، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان هەزار و ٣٧٦ تووشبوو تۆمارکراون.