ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەرزی یاسادانانی خۆی درێژکردەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەرزی یاسادانانی خۆی درێژکردووە تا ئەو کاتەی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی پەسەند دەکرێت.
فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی ئەنجامدراوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ئەم وەرزەی یاسادانان تا ئەو کاتەی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی پەسەند دەکرێت.
لەئێستادا، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی پرۆژریاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ چرکردووەتەوە، بۆیە چاوەڕان دەکرێت لە میانی ئەم مانگەدا، پرۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە.
لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.
ئەوەیش خراوەتەڕووە کە لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، پڕۆژەیاسای بە ئەندامبوونی عێراق لە سیستەمی سەرەکیی رێکخراوی ئیسلامی بۆ ئاسایشی خۆراک، ھەروەھا بەئەندامبوونی عێراق لە دامەزراندنی بانکی ئەورووپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، خراونەتە دەنگدانەوە و قبوڵ کراوە.