نەتانیاهو: ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە كۆتایی نەهاتووە
دیجیتال میدیای سپێده
حكومەتی داگیركاری ئیسرائیلی ئاشكرایكرد: ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە كەدەستیان پێكردووە كۆتایی نەهاتووە وهێرشی توندیان بۆسەر غەززە بەردەوام دەبێت.
بینیامین نەتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەهێرشەكانی سوپاكەی بۆسەر غەززە و وەڵامدانەوەی گرووپەكانی بەرخودانی فەڵەستین بەمووشەك رایگەیاند: سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەهێرشی توند بۆ سەر غەززە.
نەتانیاهو ئاماژەی بەوەشكرد: بەتەكنەلۆجیای نوێی پێشكەوتوو، توانای ئۆپەراسیۆن و ئەو دەستپێشخەرییەی كەكردوویانە هاوسەنگی نوێیان درووستكردووە و رایگەیاند: ئەوان كات وشوێنی هێرشكردنە سەر غەززە هەڵدەبژێرن وئەولەوییاتی هەڵبژاردن لای خۆیانە.
نەتانیاهو ئەوەشی خستەڕوو: بەشێوەیەكی چڕ پێگەكانی جیهادی ئیسلامییان لەغەززە كردووەتە ئامانج و رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە كۆتایی نەهاتووە وبەردەوام دەبن لەپێدانی زانیاری بەخەڵك.
نەتانیاهو هیچ روونكردنەوەیەكی سەبارەت بەدانوستانەكانی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل وگرووپە فەڵەستینییەكان نەدا.
لەلایەكی دیكەوە باس لەوەدەكرێت: دانوستانەكانی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل وفەڵەستینییەكان بۆ راگرتنی پێكدادانەكانی كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، راوەستاوە.
سەرچاوەیەكی فەڵەستینی نزیك لەدانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل وفەڵەستین ئاماژەی بەوە كرد: گرووپە فەڵەستینییەكان داوایان لەئیسرائیل كردووە كە سیاسەتی تیرۆركردن رابگرێت وتەلئەبیبیش ئەمەی رەتكردووەتەوە.
سەرچاوەكە، زانیاری ئەوەشی بڵاو كردەوە: دانوستانەكانی ئاگربەست بەنێوەندگیری میسر، قەتەر ونەتەوەیەكگرتووەكان بەردەوامە.