بەفەرمی ڕاگەیەندرا.. هەڵبژاردنی سەرکۆماری تورکیا کەوتە گەڕی دووەم
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماردا کە دوێنێ بەڕێوەچوو هیچ کام لە کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە، لەبەرئەوە بەپێی ئەو بەروارەی پێشتر راگەیەندراوە، بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.
ئەحمەد یەنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوەکە ئەنجامی دا، روونکردنەوەی دا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی دوێنێی سەرکۆمار و خولی ٢٨مین پەرلەمانی تورکیا.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر سەرەخۆشی خۆی لەبارەی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی سەر سندوقەکانی دەنگدان و دوو دەنگدەر لە کاتی دەنگدانەکەدا بەهۆی نەخۆشییەوە راگەیاند.
ئەحمەد یەنەر سوپاسی هەموو کارمەندانی دامەزراوەکە و کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدانی کرد کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆر ماندووبوون و قۆناغێکی قورسیان بەڕێکردووە.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەو داتایانەی بڵاوکردەوە کە گەیشتووەتە دەست دامەزراوەکە و باسی لەوە کرد کە تا کاتژمێر ١٥:١٥ی ئەمڕۆ، سەدا ١٠٠ی سندوقەکانی دەنگدانی ناوخۆی وڵات کراونەتەوە و رێژەی بەشداری لە ناوخۆی وڵات سەدا ٨٨،٩٢ بووە.
ئەحمەد یەنەر باسی لەوە کرد کە رێژەی بەشداری لە دەرەوەی وڵات لە هەڵبژاردنەکەدا سەدا ٥٢،٦٩ بووە و ٣٥ هەزار و ٨٧٤ دەنگی دەرەوەی وڵات هەن کە تۆمارکردنیان بەردەوامە.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە، گوتی: "بەپێی ئەنجامە کاتی و یەکلایینەبووەوەکان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا ٤٩،٥١؛ بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو لەسەدا ٤٤،٨٨؛ سینان ئۆغان لەسەدا ٥،١٧ و موحەڕەم ئینجە لەسەدا ٠،٤٤ دەنگەکانیان بە دەست هێناوە.
دوای ئەو دەنگانەی تا کاتژمێر ١٥:١٥ لەنێو سیستەمدا تۆمار کران دەرکەوتووە ئەگەر تەواوی ئەو ٣٥ هەزار و ٨٧٤ دەنگەی بە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دراون پەسەند بکرێن رێژەی دەنگەکانی ئەو دەبن بە لەسەدا ٤٩،٥٤ و بە هەمان شێوە ئەگەر تەواوی ئەو ٣٥ هەزار و ٨٧٤ دەنگەی بە بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو دراون پەسەند بکرێن رێژەی دەنگەکانی ئەو دەبن بە لەسەدا ٤٤،٩٢.
بەم جۆرە بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارەی ٦٢٧١ هیچ بەربژێرێک نەیتوانیووە رێژەی پێویست بە دەست بهێنێت بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەدا و وەک ئەوەی پێشتر رێککەوتەکەی راگەیەندرابوو دامەزراوەکەمان بڕیاری دا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣دا ئەنجام بدرێت".
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر هیوای خواست گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەر کۆمار ببێتە مایەی خێروخۆشی بۆ گەلی تورکیا، بەربژێرانی سەرۆکایەتی و پارتە سیاسییەکان.
- "ئەنجامە یەکلاییبووەکان لە ١٩ی ئایار رادەگەیەندرێن"
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر کە زانیاری دا لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کە یەکەم جارە لە تورکیا ئەنجام دەدرێت، گوتی: "دوای راگەیاندنی لیستی بەربژێرانی کاتی، بەپێی یاسای ژمارە ٦٢٧١ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار پرۆسەی لە جێگادانانی بەربژێری کاتی دیاری دەکرێت".
ئەحمەد یەنەر هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بڕیاری داوە ئەگەر بێت و هەریەکێک لە دوو بەربژێرەکە لە بەربژێربوونی خۆیان بکشێنەوە، ئەو کاتەی کە لە ساڵنامەی هەڵبژاردندا راگەیەندرابوو لە کاتژمێر ١٧:٠٠ ەوە بۆ ٢٠:٠٠ درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەربژێری داهاتوو بتوانێت داواکاریی پێشکەش بکات.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، ئەحمەد یەنەر روونیشی کردەوە کە لە پسوولەی دەنگداندا هیچ گۆڕانکارییەک لە ریزبەندیی دوو بەربژێرەکە روونادات و رایگەیاند کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ریزبەندی یەکەمدا دەبێت و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ریزبەندی دووەمدا دەبێت.
ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی یاسای ژمارە ٦٢٧١ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کردووە و وادەی بڕیاردانی کۆتایی بۆ ئەو پەڵپانەی کە ئاراستەی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگا و قەزاکان کراوە بەپێی یاسای ژمارە ٢٩٨، ١٨ی ئایارە و دوای ئەوە لە ١٩ی ئایار ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەنرێت.
سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر روونیشی کردەوە کە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات لە ٢٠ی ئایار دەست پێ دەکات و گوتی: "رۆژی یەکشەممەش ٢٨ی ئایار لە تورکیا ئەنجام دەدرێت، لەم ماوەیەدا وەک ئەوەی لە خولی یەکەمی دەنگداندا ئەنجام درا، تیروپشک دەکرێت بۆ بانگەشەکانی بەربژێرەکان کە لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان پەخش دەکرێن. خوازیارین خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆمار کە لە ٢٨ی ئایار لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ دیموکراسی و گەلی تورکیا، بەربژێرەکانمان و پارتە سیاسییەکانمان".