ئێران و رووسیا واژوویان لەسەر گرێبەستی بونیادنانی رێگای ئاسنینی رەشت و ئاسترا کرد
ئێران و رووسیا واژوویان لەسەر گرێبەستی بونیادنانی رێگای ئاسنینی رەشت و ئاسترا کرد کە بە یەکێک لە تۆڕە گرنگەکانی گواستنەوەی رێڕەوی باکوور و باشوور دەزاندرێت.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە لە میانی رێوڕەسمێکدا لە تارانی پایتەخت لەلایەن وەزیری رێگاوبان و شارسازیی ئێران، میهردارد بەزرپاش و وەزیری گواستنەوەی رووسیا، ڤیتالیی ساڤەلیەس-ەوە واژوو لەسەر گرێبەستەکە کراوە.
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-یش لە رێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
ئیبراهیم رەئیسی لە میانی رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پڕۆژەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک دوا خراوە و گوتی: "کردنەوەی ئەم رێگایە خزمەتێکی زۆر بە ناوچەکە دەگەیەنێت لە رووی بازرگانی و گواستنەوەدا".
ڤلادیمیر پوتین گوتی: "بە کردنەوەی رێگاکە قەبارەی ئاڵوگۆڕ زۆر زیاد دەکات، توانای بازرگانیی هەردوو دەوڵەت بەهێزتر دەبێت، بازرگانیی دەرەکی لەنێوان رووسیا و ئێران زۆر فراوانتر و فرەجۆرتر دەبێت".
ئامانج لەم پڕۆژەیە بەیەکەوەبەستنەوەی رێگا ئاسنینەکانی نێوان رووسیا، ئازەربایجان و ئێران و کەمکردنەوەی ئەو گوشارە زۆرەیە کە لەسەر رێڕەوەی گواستنەوەی باکوور و باشوور لە هیندستانەوە بۆ رووسیا دروست بووە و کەمکردنەوەی ئەو بارانەیە کە لە باکوور و رۆژئاواوە بۆ ئەورووپا دەڕۆن.