لە ئێران "ناوەندی دۆزینەوەی هاوسەر" بۆ ئەو کەسانە کرایەوە کە دەیانەوێت هاوسەرگیری ئەنجام بدەن
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێران، مەهدی موتەقیفەر رایگەیاند بە مەبەستی ئاسانکردنی پێکهێنانی خێزان لە ٣٣ شوێنی ١٥ پارێزگادا "ناوەندی دۆزینەوەی هاوسەر"یان کردووەتەوە.
مەهدی موتەقیفەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی خوێندکاران باسی لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوسەرگیری ناویانە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بووەتە باسی رۆژەڤ.
موتەقیفەر گوتی: "لە ٣٣ شوێنی ١٥ پارێزگادا ناوەندی دۆزینەوەی هاوسەر کراوەتەوە".
سەبارەت بە شوێنی ناوەندەکانیش ئاماژەی بەوە کرد کە لە تارانی پایتەخت هەشت ناوەند، لە قوم پێنج، لە ئەسفەهان چوار و لە هەریەک لە ئازەربایجانی رۆژهەڵات، رەزەوی خوراسان، کۆھگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد یەکەو دوو ناوەند و لە هەریەک لە ئازەربایجانی رۆژئاوا، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوراسانی باکوور، زینجان، کرمانشان و گوڵستان یەکە و یەک ناوەند کراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو ژمارەیەک لە ناوەندەکان کە بە مەبەستی پێکهێنانی خێزان کراوەتەوە لە ناو مزگەوت و ناوەندە رۆشنبیرییەکاندان و بەبێ بەرامبەر خزمەت پێشکەش دەکەن و هەندێک لە ناوەندەکان پارە لە بەرامبەر خزمەتەکان وەردەگرن.
- لە ئێران دابەزینی رێژەی گهشهی دانیشتووان جێگەی سەرنجە
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی دامەزراوەی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە ٨٥ ملیۆن و ٥٦ هەزار و ١٣٦ـه.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارە ئێرانییەکانەوە هۆشداری لەبارەی دابەزینی یەک لەدوای یەکی گهشهی رێژەی دانیشتووان و بەتەمەنبوونی کۆمەڵگە دەدرێت.
راوێژکاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، محەمەد ئیسماعیل ئەکبەری لە روونکردنەوەیەکدا لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا ئاماژەی بەوە کردبوو بەهۆی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون دوای ٣٠ ساڵ ئێران دەبێتە بەتەمەنترین وڵاتی جیهان.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی زانستە تەندروستییەکانی ئێران، محەمەد تهباتهبایی لە ١٥ی ئایاردا باسی لەوە کردبوو، رێژەی نەزۆکی لای ئەو کەسانەی کە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە لە وڵاتەکە سەدا ٢٠ی تێپەڕاندووە و رایگەیاند ئەم دۆخە لە ساڵانی داهاتوودا بە نەرێنی کاریگەری لەسەر ژمارەی دانیشتووان دەبێت و ههڵكشانی تەمەنی هاوسەرگیری و دووگیانبوون، قەڵەوی، نەجوڵان، رێکخستنی کاتەکانی خەو و شێوازی خۆراکی کەسەکان لەو فاکتەرە گرنگانەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەم باباتە دەبێت.
لای خۆیەوە کۆمەڵناسی ئێرانی، شەهلا کازمپور ئاماژەی بەوە کرد رێژەی لەدایکبوون لە وڵاتەکە بۆ ئاستی ١،٧ داكشاوه و رایگهیاندبوو، دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ رێژەی گهشهی دانیشتووان بۆ ئاستی "سفر" دادەبەزێت.