هەواڵی کوردستان ئێستا

"نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە ناوەندی چارەسەری کۆرۆنا"

"نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە ناوەندی چارەسەری کۆرۆنا"
"نەخۆشخانەی ڕزگاری دەبێتە ناوەندی چارەسەری کۆرۆنا"

2020-04-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  دوای زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ھەولێر، نەخۆشخانەی ڕزگاریی ئامادە کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێریش دەڵێ، نەخۆشخانەی ڕزگاریی ھەولێر ٤٠٠ قەرەوێلەیە و ئامادەیە بۆ چارەسەرکردن.

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە شاری ھەولێر ژمارەیەک نەخۆشخانە و شوێن ئامادە کراون بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکرێن و پێشتر نەخۆشەکان لە ھەردوو نەخۆشخانەی پێشمەرگە و ئیماراتی لە بەحرکە چارەسەر دەکران."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر گوتی: "ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەخۆشخانەی ڕزگاریی ھەولێر کە ٤٠٠ قەرەوێلە لەخۆ دەگرێت ئامادە کراوە بۆ کاتی پێویست و ئێستا بەھۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانەوە، نەخۆشخانەی ڕزگاری تایبەت دەکرێت بە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا."

دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جگە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر و زۆر شوێنی دیکەش ئامادەن بۆ کاتی پێویست، لەوانەش نەخۆشخانە تایبەتەکان."

 

قائید میرۆ