هەواڵی کوردستان ئێستا

چەندین چالاکی مەدەنی و کرێکاری لە شاری سنە دەستبەسەر دەبن

چەندین چالاکی مەدەنی و کرێکاری لە شاری سنە دەستبەسەر دەبن
چەندین چالاکی مەدەنی و کرێکاری لە شاری سنە دەستبەسەر دەبن

2023-05-20 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستانی ئێران 19ی ئەم مانگە لە شاری سنە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئیقباڵ شەعبانی چالاکێکی کرێکاری کورد دەستبەسەر دەکەن.

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 10 چالاکی کرێکاری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەم هەواڵە نووسیوێتی "ڕۆژی هەینی 19ی مانگی سێ، ئیقباڵ شەعبانی چالاکێکی کرێکاری خەڵکی سنە بە بێ فەرمانی دادگا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی دەستبەسەرکردنی ئیتلاعاتی ئێران."

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەو چالاکە کرێکارییە لەبەردەستدا نییە.

شەعبانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.هەروەها لە ساڵی 2019 دا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و دەستبەسەرکردنی لایەنگرانی مافی کرێکاران، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە 18ی مانگی پێنج، بورهان سەعیدی، چالاکێکیتری کرێکاری خەڵکی سنەیان دەستبەسەر کرد و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان گواستوەتەوە.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 10 چالاکی کرێکاری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەمەش هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی هومەن عەبدوڵڵاهی، یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو دواییەی ئێران لە شاری سنە و لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان داون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دەستبەسەربووان نووسیوێتی "ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 18ی ئەم مانگە، چەند چالاکێکی کرێکاری بە ناوەکانی هاجر سەعیدی، حەبیبوڵڵا کەریمی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، ئیقباڵ پیشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحمودی کە سەردانی ماڵی بنەماڵەی هۆمەن عەبدوڵڵاهیان لە شاری سنە کردووە،لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دادگا دەستبەسەر کران.