هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

2023-05-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كە دژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو

ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە بڕیار و لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 22/5/2023 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا صلاح الدین محمد بها‌‌ءالدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیی لە شاری هەولێر ئەنجامدا .

سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەمینداری گشتی تیشكی خستە سەربارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی راڤەكرد.

كۆبوونەوەكە نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە بارودۆخی سياسى هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان، بەتایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو، ئەمەش راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەكگرتووی دەرخست كە دژی درێژكردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بوو. هەر لەو پێناوەشدابوو فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كاتی خۆیدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشكرد .لەو رووەوە ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە بڕیار و لێكەوتەكانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكان كرا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و دواگفتوگۆ كرا لەسەر رەشنووسی پرۆژەی ئامادەكراو لەلایەن یەكگرتووه بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە مەبەست لێ ی كۆكردنەوەی سەرجەم دەنگە نارازییەكانی شەقامی كوردستانه، لەو بارەیەوە بڕیاردرا كە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی حزب و رێكخراو و كەسایەتیەكان بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژەكە و لە پێناو گەیشتن بە كۆدەنگیەك بۆ بەشداربوونێكی كارا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان..